رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، مێژووی ماچی دەم دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 21 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر. توێژینەوەکە دەڵێت، باوانی مرۆڤەکان، مەیموون و شامپانزیش ماچی دەمیان کردووە.
زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، رەنگە نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤ ماچی یەکدییان کردبێت.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری (Evolution and Human Behavior) بڵاوکراوەتەوە. هۆکاری توێژینەوەکە ئەوە بووە، زانایان دیاردەی ماچکردن وەک مەتەڵێکی پەرەسەندن دەبینن، چونکە هیچ سوودێکی ئاشکرای بۆ مانەوە لە ژیان یان وەچەخستنەوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیاردەیەکە نەک تەنیا لە کۆمەڵگەی مرۆییدا، بەڵکو لە جیهانی ئاژەڵانیشدا دەبینرێت.
توێژەران پێناسەیەکی زۆر ورد و دوور لە رۆمانسیەتیان بۆ 'ماچ' کردووە و دەڵێن، بەرکەوتنێکی "ئاراستەکراوی دەم بە دەمی ناتوندوتیژە و تێیدا لێوەکان یان بەشەکانی دەم دەجوڵێنرێن بەبێ ئەوەی خۆراک بگوازرێتەوە."
دکتۆر ماتیڵدا بریندڵ، توێژەری سەرەکی و زانای بایۆلۆجیی پەرەسەندن لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، مرۆڤ، شەمپانزی و بۆنۆبۆکان هەموویان ماچ دەکەن. بەگوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە یەکەم ماچ لەنێوان ئەو زیندەوەرانەدا کراوە.
ئەو توێژەرە مێژووی ماچ کردن بۆ 21.5 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، 'پێمان وایە لەنێوان ئەیپە گەورەکاندا [باوانی مرۆڤ و نزیکەکانی] پەرەی سەندووە."
سەرباری دیاریکردنی کاتی یەکەم ماچ، بەڵام توێژەران هیچ سەرەداوێکیان لەبارەی هۆکارەکەی دەستنەکەتووە.
ئێستا چەندین تیۆری هەن دەربارەی هۆکارەکە، لەوانە ئەوەی لە رەفتاری پاککردنەوەی یەکدییەوە (grooming) لە باوانەکانمدا سەریهەڵداوە، یان رەنگە رێگەیەکی گیانی بە گیانی بێت بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی و تەنانەت گونجاویی هاوبەشەکەش.
ماتیڵدا بریندڵ دەڵێت، "گرنگە تێبگەین ئەمە شتێکە لەگەڵ خزمەکانماندا هاوبەشین تێیدا".
ئەو توێژەرە بە "گرنگ"ـی دەزانێت لە رەفتارەکە بکۆڵنەوە نەوەک "بە رەفتارێکی بێمانای ببینین لەبەر ئەوەی مانای رۆمانسی هەیە لای مرۆڤەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ