رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران ئەنجامی "سەرسوڕهێنەریان" هەبووە و توانیویانە لە ماوەی 3 رۆژدا بە تەواوی هێزی دەریایی ئەو وڵاتە تێکبشکێنن.
رۆژی شەممە لە یانەی گۆڵفەکەی خۆی لە دۆڕاڵ لە نزیک مەیامی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەمریکای لاتینی، ترەمپ گوتی: "لە ماوەی 3 رۆژدا 42 کەشتیی هێزی دەریاییمان تێکشکاندووە. ئەوە کۆتایی هێزی دەریایی ئێران بوو." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێزی ئاسمانی و سیستمی پەیوەندییەکانی ئێرانیان لەنێوبردووە.
ترەمپ گوتی، ئێران لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی زۆر نزیک ببوو و ئەگەر هێرشی "چەکوشی نیوەشەو"یان لە حوزەیرانی پار نەکردبا، ئێستا ئێرانییەکان خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی دەبوون. ترەمپ گوتی: "ئێمە چاکەیەکمان لەگەڵ جیهان کرد."
سەرۆکی ئێران داوای لێبووردن دەکات
لەلایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سێ کەسییە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە 28ی شوبات، داوای لێبووردنی لە وڵاتانی دراوسێ کرد بەهۆی هێرشەکانەوە.
پزیشکیان گوتی: "دەبێت بەناوی خۆمەوە داوای لێبووردن لە وڵاتانی دراوسێ بکەم کە لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج. پێموایە دەبێت ئەمە بە دیپلۆماسی چارەسەر بکەین."
بەڵام رەتی کردەوە ملکەچی داواکارییەکەی ترەمپ بن بۆ "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج" و گوتی: "ئەوە خەونێکە دەبێت بیبەنە نێو گۆڕ."
زیانە گیانییەکان
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا:
• لە ئێران: لانی کەم 1,230 کەس کوژراون.
• لە لوبنان: زیاتر لە 200 کەس کوژراون.
• لە ئیسرائیل: 11 کەس کوژراون.
• ئەمریکا: 6 سەربازی کوژراون.
هێرش بۆ سەر کەنداو
سەرەڕای داوای لێبووردنەکەی پزیشکیان، هێرشەکان بەردەوامن:
• لە دووبەی: گەشتە ئاسمانییەکان راگیران و سیستمی بەرگری کارا کرا.
• لە سعودیە: هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی شەیبە و بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان.
• لە بەحرێن: خەڵک بەرەو پەناگەکان رایانکرد.
کەشتییە ئێرانییەکان
وەزیری دەرەوەی هیندستان رایگەیاند، کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی (IRIS Lavan) لە بەندەری کوچی لەنگەری گرتووە دوای ئەوەی تووشی کێشە بووە. ئەمە دوای ئەوە دێت کە ژێردەریاییەکی ئەمریکی کەشتیی (IRIS Dena)ی ئێرانی لە نزیک سریلانکا نقووم کرد. هەروەها کەشتیی (IRIS Bushehr) داوای هاوکاریی لە سریلانکا کردووە بۆ رزگارکردنی 200 دەریاوانەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ