رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پەرلەمانی ئەورووپی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر دۆخی ئێران رێکبخات و ژمارەیەک کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش تێیدا بەشدار دەبن.
حیسام دەست پیش، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەورووپا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە بەمزووانە دانیشتنی تایبەتیی پەرلەمانی ئەورووپی بە میوانداری 7 حیزب و کەسایەتیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێویشیاندا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێوەبچێت".
شیرین عەبادی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، نوێنەری حیزبی تودەی ئێران، نوێنەری بەرەی حەوتی ئابان و رەزا پەهلەوی بەشێک لەو کەسایەتی و لایەنان کە بڕیارە بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمانی ئەورووپا بانگهێشت بکرێن.
حیسام دەست پیش، بانگهێشتکردنی دوو لایەنی کوردستانی لەکۆی حەوت کەسایەتی و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، بۆ گرنگی رۆڵ و پێگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی ئێران گەڕاندەوە.
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپی سەرقاڵی ئامادەکارییە تاوەکو دانیشتنە تایبەتەکەی پەرلەمان بە زووترین کات بەڕێوە بچێت.
پەرلەمانی ئەورووپی ناوەندی یاسادانانی یەکێتیی ئەورووپایە و 705 پەرلەمانتارەکەی بەپێی ژمارەی دانیشتووان، لەنێو 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتییەکە بە دەنگدانی گشتی و بۆ 5 ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
پەرلەمانی ئەورووپی لە 29-01-2026 بە زۆرینەی دەنگ، بڕیارنامەیەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران پەسند کرد و سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەی خستە لیستی تیرۆرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ