چەندین باخچەی ساوایانی کوردی - ئەڵمانی لە بەرلین هەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
  لە باخچە ساوایەکە هەموو شتێک بە کوردی و ئەڵمانی دەخوێندرێت
لە باخچە ساوایەکە هەموو شتێک بە کوردی و ئەڵمانی دەخوێندرێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکێک لە باخچەکانی ساوایانی سەر بە دامەزراوەی "یەکمال" لە شاری بەرلین، خەمسێ بایرام بە کوردییەکی شیرین بەخێرهاتنی تیمی بەرنامەی "دیاسپۆرا" دەکات. ئەو خانمێکی گەنجی دیاسپۆرانشین و بەڕێوەبەری باخچەکەیە. لەوێ، لە تابلۆی سەر دەرگاوە تاوەکو ژوورەکانی فێربوون، یاریکردن و چێشتخانەکە، هەموو شتێک بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی نووسراون.
 
خەمسێ باس لەوە دەکات کە ئەم باخچە کوردی - ئەڵمانییانە لەسەر بنەمایەکی پەروەردەیی و زانستی دامەزراون. ئامانجی سەرەکییان پشتگیریکردنی سیستەمی "جووتزمانی"یە لە پەروەردەکردنی منداڵاندا.
 
بەپێی یاساکانی پاراستنی تایبەتمەندیی کەسایەتی لە ئەڵمانیا، نابێت وێنەی منداڵان بەبێ مۆڵەتی فەرمیی دایک و باوکیان بۆ تەلەڤیزیۆن بگیرێت، بۆیە لە بەرنامەی دیاسپۆرادا وێنەی هیچ کام لە منداڵەکان پێشان نادرێت.
 
بەڕێوەبەری باخچەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا منداڵانی کورد ناچنە لای ئەوان: "جگە لەو منداڵانەی دایک و باوکیان کوردن، منداڵمان هەیە کە یەکێک لە دایک یان باوکیان ئەڵمانن، تەنانەت هەندێکیان هەردووکیان ئەڵمانن".
 
سەبارەت بەوەی بۆچی خێزانێکی ئەڵمانی لە بەرلین منداڵەکەی دەنێرێتە باخچەیەکی کوردی، خەمسێ بە زەردەخەنەیەکەوە دەڵێت: "دەزانن لێرە ئەڵمانییەکی باش فێردەبن و لە تەنیشت ئەوەشدا زمانێکی دیکە فێردەبن. ئەمە دەوڵەمەندییەکی ژیرییە بۆ منداڵەکەیان و حەز دەکەن ئەو هەلە بقۆزنەوە".
 
یەکمال؛ وەک ناوەندێکی گرنگی زمان و کولتوور لە بەرلین
 
دامەزراوەی "یەکمال" (یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان) تەنیا باخچەی ساوایان نییە؛ بەڵکو لە سەرتاسەری ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر بنکەی راوێژکاریی یاسایی، کولتووری و فێرکردنی هەیە کە بە زمانی کوردی و 29 زمانی دیکە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، هەروەها خاوەنی ئەکادیمیایەکی تایبەت بە خۆیانن.
 
لە بارەگای سەرەکیی یەکمال لە بەرلین، گیونای داریجی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکە، بە کوردییەکی پاراو چیرۆکی دامەزراندنی یەکمال دەگێڕێتەوە. ئەو دەڵێت، یەکمال ساڵی 1993 دامەزراوە و ناوەکەی کورتکراوەی (یەکێتیی ماڵباتە کوردستانییەکان)ـە.
 
سەرەتای بیرۆکەکە تەنیا بۆ شاری بەرلین بووە، بەڵام لە ساڵی 2000 پرۆژەکە فراوانتر کرا و ئێستا لە زۆرینەی هەرێمەکانی ئەڵمانیا لق و بنکەیان هەیە. حکومەتی ئەڵمانیا یەکێکە لە گەورەترین پشتیوانە دارایی و مەعنەوییەکانی پرۆژەکانی یەکمال.
 
کارتێکەریی دۆخی سیاسی و کۆچی نوێ لەسەر زمانی کوردی
 
گیونای داریجی باس لەوە دەکات، سەرەڕای پشتیوانیی حکومەت، بەڵام لە رابردوودا هەندێک خێزان لە ترسی تورکیا نەیانوێراوە منداڵەکانیان بنێرنە ئەو ناوەندانە. ئەو دەڵێت: "دەترسان لە تورکیا سکاڵایان لەسەر تۆمار بکرێت و تووشی کێشە ببن".
 
 
ئەو ئومێدەوارە ئەو پرۆسەی "ئاشتی"یەی ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا باسی لێوە دەکرێت سەربگرێت تاوەکو ئەو ترسە نەمێنێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە کۆچی دوایی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەڵمانیا بایەخی زمانی کوردیی زیاتر کردووە: "ئەوان کە دەچنە فەرمانگەکان، دەڵێن کوردین و داوای وەرگێڕی زمانی کوردی دەکەن".
 
کتێب بە زاراوەکانی کورمانجی، سۆرانی و زازاکی
 
هەرچەندە وا دەردەکەوێت یەکمال زیاتر بۆ دیاسپۆرای باکوور کار بکات، بەڵام وەک شاسوار مامە، بەڕێوەبەری میدیا و پەیوەندییە گشتییەکانی دامەزراوەکە دەڵێت: "جگە لە کورمانجی، بە سۆرانی و زازاکیش کتێبی فێرکاری و پرۆگرامی خوێندن ئامادە دەکەین".
 
ئەو چەند نموونەیەکی کتێب و بەرهەمەکانیانی پێشان دا کە کوالێتیی چاپ و کاخەزەکەیان هاوشێوەی بەرهەمە ئاستبەرزەکانی ئەڵمانیایە و ناوەڕۆکەکانیان بە وێنە و دەقی هەر سێ زاراوەکە رازێندراونەتەوە.
 
شاسوار کە خەڵکی رانیەیە و ماوەی 10 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، پێیوایە دیاسپۆرای کوردی لە بەرلین بەراورد بە 10 ساڵ پێش ئێستا، زۆر کاریگەرتر و خاوەن دەرفەتی زیاترە.
 
پلانی کردنەوەی قوتابخانەی بنەڕەتی بە زمانی کوردی
 
گیونای داریجی مژدەیەکی گەورە لەڕێگەی "دیاسپۆرا"وە رادەگەیێنێت؛ ئەویش پلانی کردنەوەی قوتابخانەی بنەڕەتییە. بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا، رێگە بەوە دەدرێت قوتابخانەیەک هەبێت بە کوردی و ئەڵمانی وانەی تێدا بخوێندرێت.
 
کارە کارگێڕییەکانی ئەو قوتابخانەیە بەرەو تەواوبوون دەچن و بڕیارە لە ساڵی 2027 بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەڵمانیا، قوتابخانەیەکی بنەڕەتیی کوردی - ئەڵمانی بکرێتەوە.
 
بڕیارە ناوی قوتابخانەکە بنرێت "قوتابخانەی رەزا باران". گیونای دەڵێت: "رەزا باران ساڵانی دوور و درێژ ژیانی بۆ خزمەتی دیاسپۆرای کوردی تەرخان کرد، دەمانەوێ بەم کارە ناوی ئەو و خزمەتەکانی بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێننەوە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە