چیرۆکی ماڵباتێکی هەولێری لە بەرلین؛ لە کراسێکی 'چڵکنەوە' بۆ کارسازی و فەرمانبەری دەوڵەت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
ئەندامێکی خێزانەکە بووەتە کارمەندی دامەزراوەیەکی هەستیاری دەوڵەت
ئەندامێکی خێزانەکە بووەتە کارمەندی دامەزراوەیەکی هەستیاری دەوڵەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاتێک لە بەرلین بیت و برسیت بێت، گووگڵ لەسەر بنەمای ئەو گەڕانانەی پێشتر کردووتە، پێشنیازی چوونە ئەو خواردنگانەت بۆ دەکات کە خواردنی عەرەبی، تورکی یان ئێرانییان هەیە. بەڵام ئەگەر کەمێکی دیکە بگەڕێیت، پێشنیازی خواردنگەیەکی کوردیت بۆ دەکات بەناوی (ئەربیل).
 
لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "دیاسپۆرا"ی رووداودا، چیرۆکی ئەو خێزانە هەولێرییە دەگێڕدرێتەوە کە خاوەنی ئەم چێشتخانەیە و چەندین کاری دیکەن لە بەرلین. یەکێک لە بووکەکانیان کە خەڵکی ئۆزبەکستانە، بە کوردی قسە دەکات و گلەییەکی لە کورد هەیە.
 
برایەکیان کە لە هەولێرەوە بەهۆی نەخۆشیی تالاسیمیاوە هاتووەتە ئەڵمانیا، باس لەوە دەکات چۆن لەوێ خوێندوویەتی و ئێستا بووەتە فەرمانبەری دامەزراوەیەکی هەستیاری ئەڵمانی لە شاری بەرلین.
 
چیرۆکی کراسە چڵکنەکە
 
هێمن کانەبی، 25 ساڵ پێش ئێستا دەگاتە ئەڵمانیا. ئەو لە گەڕەکی زانیاریی هەولێر لەدایکبووە. وەک خۆی باس دەکات، کاتێک گەیشتووەتە ئەڵمانیا و چووەتە ماڵی خزمێکی براژنەکەی، جلەکانی هێندە چڵکن بوون کە خاوەنماڵ داوای لێ کردووە جلەکانی بگۆڕێت.
 
هێمن دەڵێت: "کاتێک هاتم هەموو سەروەتەکەم ئەو جلە چڵکنانە بوو". بەڵام 25 ساڵ دواتر، ئەو بووەتە کارسازێکی سەرکەوتوو و ناسراوی بەرلین و خاوەنی ژمارەیەک سەرتاشخانە و خواردنگەیە.
 
ئەو باس لەوە دەکات، ماندووبوونێکی زۆری کێشاوە و 8 ساڵ چاوەڕێی وەرگرتنی مافی مانەوە بووە، هەر بۆیە کەمێک دواکەوتووە لە بەدیهێنانی ئەو خەونانەی لە ئەڵمانیا هەیبووە.
 
زاوای ئۆزبەکییەکان
 
هێمن زاوای ئۆزبەکییەکانە و هاوژینەکەی لە بەرلین ناسیوە. برایەکی دیکەشی بەناوی یوسف، بە هەمان شێوە زاوای ئۆزبەکییەکانە. یوسف بە پشتیوانیی هێمنی برای و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی چووەتە ئەڵمانیا.
 
یوسف نەخۆشیی تالاسیمیای هەیە و پێویستی بەوەیە چەند هەفتە جارێک خوێنی بۆ بگۆڕدرێت. بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لەبەردەمی و لە ئەڵمانیا خوێندوویەتی. ئێستا ئەو لە فەرمانگەی هاووڵاتییانی بەرلین فەرمانبەرە کە پێگەیەکی گرنگە.
 
ئەو گلەیی ئەوە دەکات کە کوردی دیاسپۆرا تەنیا بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە هەوڵ دەدەن، بەڵام دوای ئەوە کەمتر هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز و خۆپێشخستن دەدەن لەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین.
 
بووکی کوردان و گلەیی لە میوانەکان
 
هاوژینی یوسف ناوی (سەداقەت)ـە. ئەو هەرچەندە ئۆزبەکییە، بەڵام فێری زمانی کوردی بووە. کوردییەکەی بە شێوەزاری هەولێرییە، چونکە وەک خۆی دەڵێت زمانەکەی لە خەسووی فێربووە و زۆر لە شێوەزارەکانی دیکە تێناگات.
 
سەداقەت سەبارەت بە هاوژینەکەی دەڵێت، پیاوێکی زۆر بەرێزە و زوو تووڕە نابێت. بەڵام سەبارەت بە میوانە کوردەکانی چێشتخانەکەیان لە بەرلین، گلەییەکی هەیە.
 
ئەو دەڵێت: "میوانە کوردەکان زۆریان داوای خواردنی زۆر دەکەن، بەڵام دواتر هەمووی ناخۆن و جێی دەهێڵن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە