رووداو - پەکین
زانکۆی پەکین، کە بە "هارڤاردی رۆژهەڵات" ناسراوە و بەنێوبانگترین زانکۆی چینە، پۆلێکی تایبەتی بۆ زمانی کوردی تەرخان کردووە. لە هۆڵێکدا خوێندکارانی چینی بە حەزەوە فێری زمانی کوردی دەبن و تەنانەت ناوی کوردیشیان لەخۆیان ناوە.
زانکۆی پەکین بە زیاتر لە 60 هەزار خوێندکار و ستافەوە وەک شارێکی بچووک وایە. لە بەشی رۆژهەڵاتناسیی ئەو زانکۆیە، سەفین زێباری، وەک تاکە مامۆستای زمانی کوردی وانە دەڵێتەوە، ئەو گوتی، ئارەزووی خوێندکارانی چینی بۆ فێربوونی کوردی لە زیادبووندایە.
سەفین زێباری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕاستی بۆشاییەکی گەورە هەیە لە نێوان کورد و وڵاتی چین، بەڵام لەم دواییانەدا فاکتەری گرنگ هەن کە ئەم دوو شارستانییەتە لەیەکتر نزیک دەکەنەوە. کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لەم زانکۆیە یەکێکە لەو هەنگاوانە و خوێندکارانی چینی بە حەزەوە دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن."
بۆ ئەم کۆرسە، 8 خوێندکار وانەی کوردییان هەڵبژاردووە و پێشبینی دەکرێت بۆ وەرزی داهاتوو ژمارەکە زیاتر بێت. خوێندکاران هەر لە یەکەم کۆرسەوە فێری هەندێک قسەکردن بوون و ناوی وەک (کاوە) و (شلێر)یان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە.
کاوە، یەکێکە لە خوێندکارەکانی بەشی زمانی عەرەبی و رۆژهەڵاتناسی، بە کوردییەکی شیرین خۆی دەناسێنێت و دەڵێت: "سڵاو، ئێوارەباش، من ناوی کوردیم کاوەیە. من زمانی کوردیم خۆشدەوێت و حەز دەکەم لە داهاتوودا سەردانی کوردستان بکەم."
شلێر، خوێندکارێکی دیکەی ماستەرە و دەڵێت دۆزی کورد سەرنجی راکێشاوە: "پێموایە پرسی کورد بابەتێکی گرنگە. حکومەتی چین ئێستا کۆنسوڵخانەی لە کوردستان هەیە و گرنگی پێ دەدات، بۆیە بەلای منەوە گرنگە وەک خوێندکارێک توێژینەوەی لەبارەوە بکەم."
زانکۆی پەکین کە لەسەر رووبەری 2.7 ملیۆن مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، لە ریزبەندی یەکەمی زانکۆکانی ئاسیا و 13ـەیەمی جیهاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ