زیلینسکی: واشنتن پێشنیازی دانوستاندنی راستەوخۆی سێقۆڵی لەگەڵ رووسیا لە مەیامی کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رۆژی شەممە رایگەیاند، واشنتن پێشنیازی کردووە، بەرپرسانی کیێڤ و مۆسکۆ رووبەڕوو لەسەر یەک مێز لە مەیامی دانوستاندن بکەن، ئەمەش دوای 6 مانگ لە دوایین گەڕی راستەوخۆی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولا. 
 
پێشنیازەکەی واشنتن هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی دیپلۆماتەکان بە شارەکەی ویلایەتی فلۆریدا بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
 
دوایین کۆبوونەوەی فەرمیی راستەوخۆی نێوان شاندی ئۆکراینا و رووسیا لە مانگی تەممووز بوو لە ئیستەنبووڵ، تەنیا گۆڕینەوەی دیلەکانی لێکەوتەوە و هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە رێڕەوی دانوستاندنەکاندا بەدەستنەهێنا.
 
زیلینسکی ئاماژەی بەوە کرد، شێوازی پێشنیازکراو بریتییە لە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی ئۆکراینا، ئەمریکا و رووسیا و گوتی، لەوانەیە ئەورووپییەکانیش بەشدار بن. لەگەڵ ئەوەشدا، گومانی خۆی لەوە نیشاندا کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە بتوانێت "ئەنجامێکی نوێی" هەبێت.
 
سەرۆکی ئۆکراینا جەختی کردەوە، تەنیا ئەمریکا دەتوانێت رووسیا رازی بکات کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و گوتی: "پێموایە هێزێکی لەو شێوەیە لە ئەمریکا و لای سەرۆک ترەمپ هەیە."
 
هەروەها داوای کرد ئەمریکا بە روونی بڵێت: "ئەگەر رێگەیەکی دیپلۆماسی نەبێت، ئەوا گوشاری تەواوەتی دەسەپێنن،" وەک پێدانی چەکی زیاتر بە کیێڤ و زیادکردنی سزا ئابوورییەکان لەسەر رووسیا.
 
کۆتری ئاشتی
 
کیریل دیمیتریێڤ، نێردەی رووسیا بۆ کاروباری ئابووری، رۆژی شەممە گەیشتە شاری مەیامی بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندنەکان کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارید کوشنەر، زاوای ترەمپەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
دیمیتریێڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی "بەرەو مەیامی" و هێمای کۆتری ئاشتیی لەگەڵ پۆستەکەیدا دانابوو.
 
پێشتر، رۆژی هەینی، ویتکۆف و کوشنەر لەگەڵ رۆستەم عومەرۆڤ، دانوستاندنکاری ئۆکراینا و نوێنەرانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا کۆببوونەوە.
 
هەنگاوێکی نوێ
 
بەشداریی راستەوخۆی ئەورووپییەکان پێشهاتێکی نوێیە. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی هەینی جەختی کردەوە کە هیچ رێککەوتنێک بەسەر ئۆکراینادا ناسەپێنرێت.
 
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە خێراتر بوون، کە لە مانگی شوباتدا دەچێتە پێنجەمین ساڵیەوە.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەوانەیە هێرشەکانیان رابگرن بۆ ئەوەی رێگە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئۆکراینا بدرێت، بەڵام زیلینسکی ئەمەی رەتکردەوە و گوتی: "پووتین بڕیار نادات کەی و چۆن هەڵبژاردن لە ئۆکراینا دەکرێت."
 
"دابڕاندنی ناوچە کەناراوییەکان"
 
رووسیا بەردەوامە لە کردنەئامانجی ژێرخانی ئۆکراینا. رۆژی شەممە کۆگایەکی زەیتی گولەبەرۆژەی لە هەرێمی ئۆدێسا بۆردوومان کرد کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کرێکارێک. هەروەها ئێوارەی رۆژی هەینی، هێرشێکی مووشەکی بووە هۆی کوژرانی هەشت کەس و برینداربوونی نزیکەی 30 کەسی دیکە لە نزیک ئۆدێسا.
 
زیلینسکی رایگەیاند: "رووسیا هەوڵدەدات جارێکی دیکە رێگری لە گەیشتنی ئۆکراینا بە دەریا بکات و ناوچە کەناراوییەکانمان داببڕێنێت."
 
لە بەرامبەردا، دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا رایگەیاند، دوو فڕۆکەی جەنگیی رووسیایان لە نیمچەدوورگەی کریمیا تێکشکاندووە.
 
زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر، ئەمریکا پلانێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشنیاز کرد. بە گوتەی زیلینسکی، پلانی نوێ سازشکردن لەسەر خاک لەخۆدەگرێت لە بەرامبەر گەرەنتیی ئەمنیی رۆژئاوا.
 
پووتین دەڵێت، تۆپەکە ئێستا "لە گۆڕەپانی کیێڤدایە" و شانازیی بەو پێشڕەوییانەوە کرد کە هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بەدەستیانهێناوە. هێزەکانی رووسیا ئێستا نزیکەی 19%ـی خاکی ئۆکراینایان کۆنترۆڵکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەندامێکی خێزانەکە بووەتە کارمەندی دامەزراوەیەکی هەستیاری دەوڵەت

چیرۆکی ماڵباتێکی هەولێری لە بەرلین؛ لە کراسێکی 'چڵکنەوە' بۆ کارسازی و فەرمانبەری دەوڵەت

کاتێک لە بەرلین بیت و برسیت بێت، گووگڵ لەسەر بنەمای ئەو گەڕانانەی پێشتر کردووتە، پێشنیازی چوونە ئەو خواردنگانەت بۆ دەکات کە خواردنی عەرەبی، تورکی یان ئێرانییان هەیە. بەڵام ئەگەر کەمێکی دیکە بگەڕێیت، پێشنیازی خواردنگەیەکی کوردیت بۆ دەکات بەناوی (ئەربیل).