ئەمریکا، قەتەر، میسر و تورکیا لە گفتوگۆکانی مەیامیدا لەبارەی غەززە داوای دانبەخۆداگرتن دەکەن

20-12-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە ئەمریکا، قەتەر، میسر و تورکیا لە شاری مەیامیی ویلایەتی فلۆریدا کۆبوونەوە و پێکەوە داوایان لە هەموو لایەنەکانی جەنگی غەززە کرد، پابەندی بەڵێنەکانیان بن و دان بەخۆیاندا بگرن.
 
بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بکەن، کە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە.
 
ویتکۆف لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ پلانی ئاشتیی سەرۆک ترەمپ دووپات دەکەینەوە و داوا لە هەموو لایەک دەکەین ئاگربەستەکە جێبەجێ بکەن و دان بەخۆیاندا بگرن".
 
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە رێککەوتنەکە لەبەردەم مەترسیدایە. بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، رۆژی هەینی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە 6 کەس کوژراون. بەمەش ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە سەرەتای ئاگربەستەکەوە گەیشتووەتە 400 کەس.
 
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل چەندین جار حەماسی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە و دەڵێت، لە دەستپێکی رێککەوتنەکەوە سێ سەربازیان لە غەززە کوژراون.
 
لە کۆبوونەوەکەی مەیامیدا باس لەوە کراوە کە قۆناخی یەکەمی ئاشتییەکە ئەنجامی باشی هەبووە، وەک: زیادبوونی هاوکارییە مرۆییەکان، گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەکان، کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئیسرائیل و کەمبوونەوەی شەڕ.
 
هەروەها داوا کراوە بەزوویی ئیدارەیەکی کاتی بۆ غەززە دروستبکرێت، کە ئەمە بەشێکە لە قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکە.
 
بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، دەبێت ئیسرائیل هێزەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە، لەبری حەماس دەسەڵاتێکی کاتی غەززە بەڕێوە ببات و هێزێکی نێودەوڵەتیش لەوێ جێگیر بکرێت بۆ پاراستنی ئارامی.
 
رۆژی هەینی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیوای خواست وڵاتان هێز بۆ غەززە بنێرن، بەڵام هۆشداریشیدا کە دەبێت حەماس چەک بکرێت، ئەگەرنا پڕۆسەکە تێکدەچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی گووگڵ

گووگڵ دەڵێت بۆ راهێنانی ژیریی دەستکرد، مافی خۆیەتی هەموو شتێکی ئینتەرنێت کۆپی بکات

کۆمپانیای گووگڵ لە کێشەیەکی گەورەی یاساییدایە و دەڵێت، بۆ راهێنانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی وەک Gemini، مافی ئەوەی هەیە هەموو ئەو زانیارییانە بەکاربهێنێت و کۆپی بکات کە بە شێوەی گشتی لەسەر ئینتەرنێت بەردەستن، تەنانەت ئەگەر مافی لەبەرگرتنەوەشیان پارێزراو بێت