ئەفغانستان و ئەمریکا سێ زیندانییان گۆڕییەوە

21-01-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان رایگەیاند، سێ زیندانییان لەگەڵ ئەمریکا گۆڕییەوە بە رێککەوتنێک کە پێشتر لەگەڵ ئیدارەی پێشووی ئەمریکادا کرابوو.
 
ئەمریکا زیندانییەکی ئەفغانی ئازادکرد و حکومەتی کابوولیش دوو زیندانیی ئەمریکی ئازاد کرد. 
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-1-2025) وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "خان محەممەد، چەکداری ئەفغانستان کە لە گرتووخانەیەکی ئەمریکا زیندانیکرابوو، بە دوو زیندانیکراوی ئەمریکی گۆڕدراوەتەوە."  
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەش کرد، "خان محەممەد نزیکەی دوو دەیە بوو لە زینداندابوو و سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێندرابوو". 
 
خان محەممەد بە تاوانی تیرۆری مادەی هۆشبەر زیندانیکرابوو، ئەمە جۆرە تۆمەتێکە ئاراستەی ئەو بازرگانانەی مادەی هۆشبەر دەکرێت، کە لەکاتی کردەکانیان دا هێرش دەکەنە سەر پۆلیس و رووبەڕوویان دەبنەوە. 
 
رێککەوتنەکە بە نێوەندگیریی قەتەر کراوە، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەوای واشنتن و کابوول جێبەجێکردنی کەوتە کاژێرەکانی کۆتایی ئیدارەی بایدن. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، زیندانییە ئەمریکییەکان ناویان رەیان کۆربت و ویلیەم مەکینتیە. ئەوان ساڵی 2022 لە ئەفغانستان دەستگیرکرابوون. 
 
تشرینی دووەمی پار، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بردەوە. ئەو کاتە حکومەتی تاڵیبان بڵاویکردەوە، هیوادارن لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا هەڵبدەنەوە.
 
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان هەمان داوای کردەوە و گوتی، هیوادارن بتوانن بە نێوەندگیریی قەتەر، گرژییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکەن. 
 
ئابی 2023، بزووتنەوەی تاڵیبان سەرکەوتوو بوو لە رووخاندنی حکومەتی ئەفغانستان و حکومەتێکی نوێی لەوێ پێکهێنا. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە