رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک عەلیێڤ خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان ئازەربایجان و گەلی کورد کرد، سەرۆکی حکومەتیشی بانگهێشتی ئازەربایجان کرد و راشیگەیاند کە لە بەرنامەیدایە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، ئیلهام عەلیێڤ ئامادەییشی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان باکوو و هەولێر دەربڕیوە.
سەرۆکی حکومەت "سوپاسی پشتیوانی و هاوئاهەنگیی کۆماری ئازەربایجانی کرد و جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا کردەوە."
کۆڕبەندی داڤۆس ئەم ساڵ بە درووشمی 'پێکەوەکارکردن لە سەردەمی ژیریدا' دوێنێ (دووشەممە، 20-1-2025) دەستیپێکرد، تاوەکو 24-1-2025 بەردەوام دەبێت.
زیاتر لە 350 سەرکردە کە 60ـیان سەرۆکی وڵات یان حکومەتن لە کۆڕبەندەکە دا بەشدار دەبن، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا کە بەڕێگەی لایڤەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە دا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ