ترەمپ داوای گفتوگۆی "دەستبەجێ" لەسەر گرینلاند دەکات بەڵام بەکارهێنانی هێز رەتدەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لە داڤۆس بەشداری کۆربەندی ئابووری جیهانی کرد و زۆرترین سەرنجی لەسەر گرینلاند بوو، ئەو داوای دانوستاندنی دەستبەجێی لەبارەی دوورگەکەوە لە دانیمارک و ئەورووپا کرد، بەڵام رەتیکردەوە هێزی سەربازی بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە داڤۆس، داوای گفتوگۆی دەستبەجێی کرد بۆ بەدەستهێنانی گرینلاند، بەڵام رایگەیاند کە هەرچەندە وڵاتەکەی خاوەنی "هێزێکی بێ رکابەرە"، بەڵام بەکاری ناهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی. 
 
هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرینلاند، کە گوتی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و نێودەوڵەتی پێویستە، بەسەر گوتارەکەیدا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی زاڵ بوو.
 
ترەمپ بە زۆر لە سەرکردە سیاسی و بازرگانییەکانی جیهانی گوت: "تەنیا ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت پارێزگاری لەم رووبەرە فراوانە و ئەم پارچە سەهۆڵە گەورەیە بکات." دەشڵێت: "ئەوەش هۆکارەکەیە کە من داوای دانوستاندنی دەستبەجێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە باسی بەدەستهێنانی گرینلاند لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بکەین."
 
ساڵێکە دۆناڵد ترەمپ پۆستەکەی وەرگرتووە و زۆرترین سەرنجی لەسەر کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاندا بووە کە کەوتووەتە باکووری زەوی و نزیک کەنەدا. دوورگەکە نیمچە سەربەخۆیە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی. 
 
ئاماژەی بەوەش کرد کە دانیمارک "بژاردەیەکی" هەیە. "دەتوانن بڵێن بەڵێ، و ئێمە زۆر سوپاسگوزار دەبین. یان دەتوانن بڵێن نەخێر و ئێمەش ئەوەمان لەبیر دەمێنێت. ئەمریکایەکی بەهێز و پارێزراو واتە ناتۆیەکی بەهێز."
 
ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە: "پێدەچێت هیچ شتێک بەدەست نەهێنین مەگەر بڕیار بدەم هێز و توانایەکی لەڕادەبەدەر بەکاربهێنم کە تێیدا، بەڵام ئەوە ناکەم". 
 
دانیمارک، گرینلاند و وڵاتانی ئەورووپا دژایەتییەکی بەهێزی خواستی ترەمپیان بۆ دەستگرتن بەسەر گرینلاندا کردووە. 
 
"پچڕان"
 
بەهۆی ناڕەزایەتی بەشێک لەو وڵاتانەوە کاتێک بەسەر داڤۆسدا دەڕۆشت لەسەر ئەرز بە بەفر هەڵکۆڵدرابوو، "هیچ پاشایەک نییە". ئەمە وەکو ئاماژەیەک بوو بۆ دۆناڵد ترەمپ کە هەوڵی خۆسەپاندن و بەدەستهێنانی خواستەکانی بە هەموو رێگەیەک لە ئەورووپا و جیهاندا دەدات. 
 
پێشتر ئەورووپا و کەنەدا دژایەتی هاوبەشی خۆیان بۆ ویستەکانی ترەمپ بەتایبەت لەبارەی گرینلاندەوە پشاندابوو. . مارک کارنی، سەرۆکی کەنەدا، لە داڤۆس هۆشداری دا لە "پچڕان"-ی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردنی جیهانی. 
 
ئەمڕۆش مارک روتە، سکرتێری ناتۆ رایگەیاند، "دیپلۆماسییەکی وردبینانە" پێویستە، چونکە داواکارییەکانی ترەمپ بۆ گرینلاند بووەتە هۆی تەنگژەیەکی گەورە بۆ هاوپەیمانییەکەیان. روتە هەروەها وەڵامی ترەمپی دایەوە کە گومانی هەبوو ناتۆ یارمەتی ئەمریکا بدات، گوتی: "پێی دەڵێم، بەڵێ یارمەتی دەدەین."
 
"بە نادادپەروەری"
 
ترەمپ لە گوتارەکەیدا گومانەکانی لەسەر ناتۆ دووبارە کردەوە و گوتی واشنتۆن "زۆر بە نادادپەروەری" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 
هاوکات فەرەنسا داوای مانۆڕێکی ناتۆی کرد لە گرینلاند و ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ بەشداریکردن تێیدا. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، هۆشداری دابوو لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ "پاشکۆکردنی ئەوروپا" و هەڕەشەکانی ترەمپی بۆ سەپاندنی باج بە "قبوڵنەکراو" ناوبرد.
 
ئەوروپا هەڕەشەی رێکاری بەرپەرچدانەوەی کردووە دوای ئەوەی ترەمپ گوشارەکانی زیادکرد بە هەڕەشەی سەپاندنی باج تا 25٪ لەسەر هەشت وڵاتی ئەوروپی بەهۆی پشتگیریکردنی دانیمارک. سەرۆک وەزیرانی گرینلاندیش رایگەیاند، کە دەبێت دانیشتوانە 57 هەزار کەسییەکەیان ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزی سەربازی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە