رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن رادەستکردنی دۆسیەی تیرۆر بە دیمەشق وەک مەترسییەک بۆ سەر ناوچەکە و جیهان دەبینێت و دەڵێت، زانیاریی ناڕاست سەبارەت بە کورد دەدرێتە سەرۆکی ئەمریک و 'هەوڵدەدەن نامەیەک بنێرن و هەڵەکە راست بکەنەوە.'
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026، سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا وەڵامی پرسیارەکانی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن دایەوە.
بەشێکی قسەکانی لەبارەی وەڵامەکەی دوێنێ سێشەممەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو کە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن بە دیارکوردەی رایگەیاند، کورد لە شەڕی داعشدا بەرگرییان لە خۆیان کردووە و پارەیەکی زۆر و نەوتیان پێدراوە. سینەم محەممەد گوتی، ''هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا راشکاوانە بوو. دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا کار بکەن و تەنانەت دۆسیەی تیرۆریش بدەنە دەستی ئەوان.''
''بەرگریمان لە جیهان کرد''
نوێنەری مەسەدە گوتی، ''راستە ئێمە بەرگریمان لە خۆمان کردووە، بەڵام ئێمە هەموو جیهانیشمان پاراستووە. واتا ئەگەر ئەندامانی داعش بڵاو ببنەوە بە سووریادا، مەترسین بۆ سەر هەموو ئەورووپا و ئەمریکاش. ئەمە دوور نییە.''
بەگوتەی سینەم محەممەد، لە شەڕی دژی داعشدا لە رۆژئاوای کوردستان، کورد 15 هەزار شەهیدی داوە و ''بەگشتی کورد، عەرەب، سریانی و هەموو پێکهاتەکانمان پاراست و بەرگریمان لە جیهان کرد. با هیچ کەسێک خۆی لەوە نەشارێتەوە.''
سەبارەت بە پاڵپشتیی دارایی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعشدا، ئەو نوێنەرەی مەسەدە گوتی، ''پارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووە، هیچ کەسێک نەیخستووەتە گیرفانییەوە (بۆ کورد نەبووە)، ئەمە شتێکی ناڕاستە.''
سینەم محەممەد پێیوایە زانیاریی ناڕاست دەگەیێنرێتە سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێت، ''هیوادارین هەواڵی راستتر بدرێتە سەرۆک ترەمپ و ئێمە دەتوانین نامەیەک بنێرین بۆی و ئەوە راست بکەینەوە.''
ئەو نوێنەرەی مەسەدە لە واشنتن زیاتر روونی دەکاتەوە، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک نوێنەریان ناردووەتە کۆنگرێسی ئەمریکا و نامەیان بۆ کۆشکی سپی ناردووە بۆ راستکردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی هەسەدە، کورد، حکومەتی ئێستای سووریا و مەترسیی تیرۆر؛ ''ئێمە چەندین ساڵە شەڕی تیرۆر دەکەین و سەرکەوتوو بووین.''
''هاوکاریی ئەمریکا و سووریا دژی تیرۆر سەرکەوتوو نابێ''
بەگوتەی سینەم محەممەد، ئەمریکا ئەزموونی هاوکاری لەگەڵ سوپای سووریای ئازادی هەیە کە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد تێکەڵ بە سوپای عەرەبیی سووریا بووە، ''بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و ئەوان هەموو ئەو چەکانەی پێیان درا، رادەستی تیرۆریان کرد، بۆیە (هاوپەیمانان) هاتنە لای هێزی ئێمە، چونکە دروست کارمان دەکرد.''
ئەو نوێنەرەی مەسەدە باسی لە داواکارییەکانی کورد لە چوارچێوەی سووریادا کرد و گوتی، ''ئێمە شتێکی ئەوتۆمان ناوێ، داوای سەربەخۆیی ناکەین، بەڵکو دەمانەوێ مافی کورد لە سووریا دەستەبەر بکرێ و قەوارەیەکی سیاسیی وەک رۆژئاوای کوردستان بۆ کورد هەبێ.''
پێشتر تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاندبوو، ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک هێزی دژە داعش کۆتایی هاتووە و ئێستا دیمەشق ئامادەیە ئەو بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ. سینەم محەممەد دەڵێت، ''هەڵوێستی کۆنگرێس بۆ کورد گەلێک باش بوو، بەڵام بۆچوونی تۆم باراک، هاوشێوەی بۆچوونی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە.''
''مافی کورد بە قسە ناپارێزرێ''
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفراسە رۆژنامەڤانییەکەی دوێنێیدا ئاماژەی بەوەش کرد، هەو دەدەن کورد لە سووریا بپارێزن. ئەو نوێنەرەی مەسەدە لە واشنتن گوتی، ''من دەڵێم مافی کورد بە قسە ناپارێزرێت. مافی کورد پێویستە لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت و گوشار بخرێتە سەر حکومەتی سووریا''.
سینەم محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا ئەمریکا پاڵپشتییەکی زۆر لە حکومەتی سووریا دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی وڵاتەکە بۆ قۆناخی راگوزەر نەیتوانیوە چەکدارە تووندڕەوەکان کۆنترۆڵ بکات، ''بۆیە داوا لە سەرۆک ترەمپ دەکەم کورد و هێزە کوردییەکان مافیان پارێزراو بێ، مافی کورد لە سووریادا بچەسپێنرێ و قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد دروست بکرێ، لەو شوێنانەی کە تێیاندا دەژی.''
ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، چەند رۆژێکە رووبەڕووی دۆخێکی سەربازی، ئەمنی و داڕمانی خێرای دۆخی مرۆیی بوونەتەوە و ئەو زیندانانەی لە سنوورەکە چەکدارانی داعشیان تێدا راگیراون و ئەرکی پاراستنیان لەلایەن هاوپەیمانانەوە درابووە هەسەدە، ئێستا بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاەوە، ئەگەری شکانیان و هەڵاتنی زیندانییەکان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ