رووداو دیجیتاڵ
لە دیبەیتێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، ژمارەیەک سیاسەتڤانی کورد کە لە ئەڵمانیا کار دەکەن، لەگەڵ چالاکڤانانی سیاسی کۆبوونەوە تاوەکو باس لە داهاتووی کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکەن لە قۆناخی دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
دیبەیتەکە لەلایەن دلبخوین دارا، پێشکەشکاری رووداوەوە پێشکێش کرا، تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگارییانە کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی دوای هاتنەسەرکاری دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی دیکەی کە لە تورکیاوە نزیکن.
عاکف حەسەن، سیاسەتڤان و سەرپەرشتیاری ئاهەنگی نەورۆز لە کۆڵن، کە خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە، رەخنەی لەو راگەیێندراوە دەستوورییە گرت کە ئەم مانگە وەکو دەستووری کاتیی سووریا بۆ 5 ساڵی داهاتووی قۆناخی راگوزەر راگەیێندرا.
عاکف حەسەن گوتی، "دەستوورەکە بۆ ئێمەی کورد، عەلەوییەکان و کەمینەکان گاڵتەجاڕییە. دەستوورێکە کە هەموو پێکهاتەکانی دیکە پەراوێز دەخات. بە بڕوای من سەرەتایەکی هەڵە بوو."
ئەو جەختی کردەوە کە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا "بڕوایان وایە گەلی کورد وەکو پێشترە و هێشتا هۆشیار نییە، خەوتووە و دەتوانن فێڵی لێ بکەن و بەملاو ئەولایدا ببەن و دەربازیان ببێت، بەڵام ئەمجارە بەسەریاندا تێناپەڕێت."
عاکف حەسەن کە بڕیارە رۆژی شەممە، سەرپەرشتیی گەورەترین ئاهەنگی رەوەندی کوردی بەبۆنەی نەورۆزەوە لە کۆڵن بکات، باسی لە جۆشوخرۆشی بەشداریی کورد لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە سەرانسەری ئەورووپا کرد و گوتی، "ئەمە پێشانی دەدات کە ناڕەزایەتییەکی گەورە لە دڵی گەلی کورددا هەیە. بۆیە گەلی کورد ئەو گەلە نووستوە نییە کە هەرچیت گوت، بڵێت ئامین."
مەهمەت تانریڤەردی، جێگری سەرۆکی جڤاکا کورد لە ئەڵمانیا، باسی لە خەباتی دیپلۆماسی کورد کرد و گوتی، "لەسەر داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی چەندین جار بە راگەیێندراو سەرکۆنەمان کردووە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمەوە، "زۆرجار تیشکمان خستووەتە سەر ئەوەی ئەم گرووپە ئیسلامییانەی هاتوونەتە سەر دەسەڵات، قاعیدەن. هێزی ئیسلامیستن و چەندین ساڵە بە هاوکاریی تورکیا لە دژی کورد شەڕیان کردووە."
گرنگیی یەکڕیزیی کورد
قاسم تاهر سالح، ئەندامی پەرلەمانی فیدرالیی ئەڵمانیا، کە خەڵکی زاخۆیە و سەر بە پارتی سەوزی ئەڵمانیایە، جەختی لەسەر گرنگی یەکڕیزیی کورد کردەوە و رایگەیاند، "گرنگە ئێمەی کورد یەکگرتوو و یەکدەنگ بین، ئەگەر دەنگمان یەکنەخەین، هاوکاری ناکرێین. ئێمە لە ئەڵمانیا، پێش هەموو شتێک ئەڵمانین، بەڵام هەرگیز نابێت لەبیری بکەین کە ئێمە لە کوێوە هاتووین. من کوردم و خەڵکی زاخۆمە. پێویستە دەنگی کورد لە پەرلەمان بەرز بکەینەوە."
قاسم تاهر سالح ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی ئەڵمانیا لە سووریادا کرد و گوتی، "دەبینین دەنگی ئەڵمانیا لە سووریادا چەند گرنگە. ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمساڵ دوو جار چووەتە سووریا."
ژیان عومەر، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین، کە خەڵکی قامشلۆیە و سەر بە پارتی سەوزە، باسی لە بەرپرسیارێتی کورد لە تێکۆشان بۆ مافەکانیان کرد. ئەو دەڵێت، "پێویستە ئێمە وەک کورد، تەنیا چاوەڕێی ئەوە نەبین خەڵکی دیکە بێن مافەکانمان بەدی بێنن. ئێمەش زۆر پارتی سیاسیمان لە نێودایە، گەلی کورد زۆر خوێنی لێ چۆڕیوە، پێویستە ئێمەش مافی خۆمان لە شام بستێنین و بەردەوام لە بەرامبەر ئەورووپییەکان باسی بکەین."
هەڵوێستی ئەورووپا و ئەڵمانیا
هەموو بەشداربووان باسیان لەوە کرد کە رۆڵی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالینا بێربۆک، گرنگ بووە لە بەرزکردنەوەی دەنگی کورد.
ژیان عومەر گوتی، "ئەو هەنگاوەی کە ئانالینا بێربۆک، وەک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ناویەتی، هەنگاوێکی زۆر گەورەیە، چونکە پێشتر رووی نەداوە وەزیرێکی دەرەوەی ئەورووپی لە دیمەشق، لە سووریا لە بەرامبەر دەسەڵاتدارەکان بڵێت، پێویستە گەلی کورد ببنە بەشێک لە حکومەت، پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا پارێزراو بن."
ئەو هەروەها ئاماژەی بە کرانەوەی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە دیمەشق کرد کە بە گوتەی خۆی، "یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە ئەڵمانیا کارەکانی لە سووریا زیاتر بکات و گوشاری زیاتر لە حکومەت بکات و زیاتر تاوتوێی پرسی کورد دەکات. بۆیە دەبینم هەنگاوێکی ئەرێنییە کە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لەوێ کار بکات."
سەیران پاپۆ، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی شلیسڤێگ هۆڵشتاین، کە خەڵکی جزیرێی باکووری کوردستانە و سەر بە پارتی CDUیە، جەختی لەسەر گرنگیی قسە و کردار کردەوە، "دەڵێن ئانالینا بێربۆک زۆر زیرەکە و بۆ کورد زۆر شتی کردووە، بەڵام راستییەک هەیە پێویستە لەبەرچاوی بگرین. قسە هەیە و کرداریش هەیە. من هەمیشە دەڵێم، وەک سیاسەتڤان دەتوانم زۆر بەڵێن بدەم، بەڵام کاتێک دەتەوێت لەنێو حکومەتدا ئەو شتانە جێبەجێ بکەیت، دەبێت توانات هەبێت."
نیگەرانی لە رەوشی ئێستای سووریا
سەیران پاپۆ نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەربڕی و باسی لەوە کرد، "ئێستا لە سووریا رەوش خراپە. بە گوێرەی ئێمە لە CDU، ئێستا حکومەتێک لە سووریا دەست بەکار بووە کە لە مرۆڤی توندڕۆ پێکهاتووە، پێشتر لە نێو داعشدا بوون و ئێستا دەیانەوێت سووریا پێش بخەن. ئەم مرۆڤانە بۆ ئێمە مەترسیدارن."
هەروەها عاکف حەسەن گوتی، "خەونمان بوو رۆژێکی لەم شێوەیە بێت. بەڵام ئەگەر ستەمێک هەڵگری و ستەمێکی دیکەی بخەیە شوێنی، سووریا هەرگیز نابێت بە سووریا."
داواکاری کورد بۆ ئاییندەی سووریا
عاکف حەسەن داواکارییەکانی کوردی بەم شێوەیە خستە روو، "دەبێت ناسنامە و مافە کولتوورییەکانمان لە دەستووردا بچەسپێنرێن. دەبێت ئاساییشی ناوچەکەمان لە دەستووردا بچەسپێنرێت. پێویستە ئاسایش و پۆلیسمان، کورد بن. وەک باسک، بارسێلۆنا و بایرن."
هەموو ئەو سیاسەتڤان و چالاکڤانەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە کورد لە رۆژئاوای کوردستان وەک بەشێک لە حکومەتی نوێی سووریا ببینرێن و مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانیان دابین بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ