رووداو دیجیتاڵ
بە هەزاران کوردستانی لە شاری بۆنی ئەڵمانیا بۆ بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز کۆبوونەوە. ئەو ئاهەنگە گەورەترین ئاهەنگی نەورۆزی کوردانی دیاسپۆرایە لە ئەورووپا کە لە لایەن کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییەوە سازکراوە.
لەناو ئەو ژمارە زۆرەی کورداندا، ئەورووپی و خەڵکی بیانی دەبینرێن. رێبێکا ئەڵمانییە و هاوژینی حامدە، کە خەڵکی رانیەیە لە باشووری کوردستان و بەشداربوون لە ئاهەنگی نەورۆز لە بۆن.
رێبێکا مەنگوڕی، هاووڵاتیی ئەڵمانی و بەشداربووی ئاهەنگی نەورۆز لە بۆن گوتی، "دەزانم ئاهەنگەکە بۆ ئازادیی کورد دەگێڕدرێت و سەرەتای ساڵ و بەهار پیرۆز دەکرێت، ئەمە یەکەمین جارە دێمە چالاکییەکی ئاوا گەورە."
رێبێکا ئاماژەی بەوەش کرد، دوو ساڵ پێش ئێستا سەردانی کوردستانی کردووە، "زۆر خۆش بوو، سەردانی هەموو شوێنێکم کرد و بینیمن. بە خۆمم گوت، دێم لێرە سەیر دەکەم کە چۆن ئەم ژمارە زۆرەی کورد لە شوێنێک لە ئەڵمانیا کۆدەبنەوە."
ئەفشین-یش لەگەڵ "ئولێنا"ی ئۆکراینی لە ئاهەنگەکە بەشداربوون، ئەوان هاوپۆلی یەکدین لە خولی زمانی ئەڵمانی. ئولێنا بالاکینا بۆ یەکەمجارە بەشداریی ئاهەنگی نەورۆز دەکات و دەڵێت، "ئەمە یەکەمجارە دێمە ئەم جەژنە و دەزانم کە ئەمە جەژنی ساڵی نوێیە." ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆر هاوڕێی کوردم هەیە و خۆشم دەوێن."
بەگوێرەی پۆلیسی شاری بۆن، ئاهەنگی نەورۆز بە سەلامەتی و بێ کێشە بەڕێوەچووە. میشائێل بایەر، گوتەبێژی پۆلیسی بۆن گوتی، "کۆبوونەوەیەکمان هەبوو کە بۆ 15 هەزار کەس تۆمار کرابوو، بەڵام ژمارەی بەشداربووان لەوەی داماننابوو تێپەڕی؛ بەگوێرەی خەمڵاندنی ئێمە 50 هەزار کەس لە ئاهەنگەکەی بۆن ئامادە بوون. ئێمە ئەرکێکی گەورەمان لەم دەوروبەرە ئەنجامداوە و بە بڕوای پۆلیس، ئەم چالاکییە تاوەکو ئێستا بێ هیچ ئاڵۆزییەک تێپەڕیوە."
لەو ئاهەنگەی نەورۆز لە بۆن کە بە رێکوپێکی و بەشێوەیەکی باش رێکخرابوو، بە گوتەی رێکخەرانی زیاتر لە 100 هەزار کەس ئامادە بوون، تەنیا 380 پۆلیس لە ئەرکدا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ