رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی رووسیا لەنێو خاکی ئۆکراینادا وەکو ئەوە بەڕێوەدەچێت کە پلانیان بۆ دانابوو.
رۆژی پێنجشەممە 21ـی نیسانی 2022 دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا بە هێرشنەکردنە سەر ناوچەی پیشەسازیی ئازۆڤستال، پلانەکەیان گۆڕاوە؟ لە وەڵامدا گوتی، نەخێر ئۆپەراسیۆنەکە وەکو ئەوەی کە پلانی بۆ داڕێژرابوو بەڕێوەدەچێت و بەردەوامە.
ناوچەی پیشەسازیی ئازۆڤستال کە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئاسنی تێدایە، دوایین پێگەیە لە شاری ستراتیژیی ماریوپۆل لەژێر دەستی سەربازە ئۆکراینییەکاندا مابێتەوە.
گوتەبێژەکەی کرێملین ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا دەرفەت لەبەردەم سوپای ئۆکراینادا ماوە بۆ ئەوەی چەک دابنێن و بەو رێڕەوە مرۆییانەدا بچنە دەرەوە کە هەردوولا لەسەری رێککەوتوون.
لەبارەی دانوستاندنەکانی هەردوولاشەوە، پێسکۆڤ گوتی کە رووسیا "چەند پێشنیازێکی" داوەتە ئۆکراینا و ئێستا چاوەڕێی لایەنی ئۆکراینی دەکەن.
گوتەبێژی کرێملین هەورەها باسی لەوەش کرد، "ماریوپۆل کە بووەتە مۆڵگەی نەتەوەپەرستان ئازادکراوە. ئەمڕۆ وەزیری بەرگری رایگەیاند کە دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی ژیانی ئاشتییانە بگەڕێندرێتەوە نێو شارەکە و دانیشتووانیشی بگەڕێنەوە. هەرچی ئازۆڤستالیشە، ئەمە دامەزراوەیەکی تەواو جیایە. ئەو گرووپە نەتەوەپەرستەی ئۆکراینی کە تێیدا ماونەتەوە، بەتەواوەتی گەمارۆدراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ