رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای وڵاتەکەی دژی هێرشکردنە سەر ئێرانە "ساختەن". دەشڵێت، سەرۆکی ئەرکانیش هاوشێوەی ئەو لەگەڵ جەنگدا نییە، بەڵام ئەگەر رووبدات، ئەوا سەرکردە سەربازییەکە پێیوایە بە ئاسانی دەتوانن بیبەنەوە.
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێن، دوێنێ میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای وڵاتەکەیان هۆشداری لە هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن وڵاتەکەیەوە داوەتە سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی.
رۆژی سێشەممە 24ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، "چەندین چیرۆک لەلایەن میدیاکانی هەواڵی ساختەوە بڵاودەکرێنەوە کە دەڵێن جەنەڕاڵ دانیال کەین، دژی ئەوەیە ئێمە بچینە جەنگەوە لەگەڵ ئێران. ئەم هەواڵانە سەرچاوەی ئەم هەموو زانیارییانەیان بۆ هیچ کەسێک نەگەڕاندووەتەوە و 100٪ ناڕاستن".
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "ئەو (کەین) ئێران بە باشی دەناسێت، چونکە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی میدنایت هەمەر [چەکووشی نیوەشەو] بووە"، مەبەستی لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکایە بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
جەختی لەوەش کردەوە، "ئەو قسەی لەسەر هێرشنەکردنە سەر ئێران یان تەنانەت ئەو لێدانە سنووردارە ساختانەش نەکردووە کە من لەبارەیانەوە دەخوێنمەوە؛ ئەو تەنیا یەک شت دەزانێت، ئەویش ئەوەیە چۆن سەربکەوێت و ئەگەر فەرمانی پێ بکرێت، خۆی پێشەنگی هێرشەکە دەبێت".
سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا چی گوتبوو؟
دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری نێو کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا ئەم هۆشدارییەی بە دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی داوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کاتێک کانوونی یەکەمی رابردوو واشنتن پلانی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلای دادەنا، ترەمپ تیمێکی راسپارد بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی پەیوەست بە ئێران. هەرچەندە جەنەراڵ کەین بەشداربوو لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادورۆ لە مانگی رابردوودا، بەڵام لە دۆسیەی ئێراندا زۆر "بە وریاییەوە" دەجووڵێتەوە.
کەین پێیوایە ئاستی مەترسییەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئێران "زۆر بەرزە" و ئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی گەورە و کەوتنەوەی قوربانیی زۆر لە ریزی سەربازانی ئەمریکیدا هەیە.
جو هۆڵستید، گوتەبێژی ئەرکانی هاوبەشی سوپا، سەبارەت بەم زانیارییانە رایگەیاند، سەرۆکی ئەرکان وەک راوێژکاری باڵای سەربازی، هەموو جۆرە بژارەیەک لەگەڵ مەترسی و کاریگەرییەکانیان بەشێوەیەکی "نهێنی" دەخاتە بەردەم سەرکردە مەدەنییەکان و بڕیارە ئەمنییەکان لای ئەوانە.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەرکانی سوپا لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە شاندی ئەمریکا و ئێران لە جنێف کۆببنەوە، کە وەک "دوایین دەرفەت" بۆ دیپلۆماسی دەبینرێت.
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان رایگەیاندووە، هیوا دەخوازێت ترەمپ گوێ لەو کەسانە نەگرێت، کە هانی دەدەن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
ترەمپ: بریاری کۆتایی لەبارەی ئێران من دەیدەم
لە بەشێکی نووسینەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا گوتویەتی، "منم کە بڕیار دەدەم". ئاماژەی بەوەش کردووە، "دەمەوێت رێککەوتنمان هەبێت بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکەوین، ئەوا زۆر خراپ دەبێت بۆ ئەو وڵاتە (ئێران) و خەڵکەکەی".
هەڵوێستەکەی ترەمپ و راپۆرتەکان لەبارەی هەڵوێستی کەین لە کاتێکدان ئەمریکا کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری سەربازی ناردووەتە ناوچەکە و یەکێکی دیکەش بەڕێگاوەیە. ئەو دوو کەشتییەش لەلایەن 15 کەشتی جەنگییەوە یاوەری دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ