زانکۆی هارڤەرد پێدانی نمرەی باڵا سنووردار دەکات و خوێندکارانیش ناڕازین

56 خولەک له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زانکۆی هارڤەردی ئەمریکی، کە یەکێکە لە ناودارترین زانکۆکانی جیهان بڕیارێکی نوێی بۆ رووبەرووبوونەوەی دیاردەی "هەڵاوسانی نمرەکان" راگەیاند، کە تێیدا رێژەی ئەو نمرە باڵایانە سنووردار دەکات، کە مامۆستاکان دەتوانن بە خوێندکارانی بدەن. 
 
زانکۆی هارڤەرد رایگەیاند، مامۆستاکانی زانکۆ ناتوانن نمرەی "A" بدەنە زیاتر لە 20٪ی خوێندکارانی هەر پۆلێک، تەنیا رێگە بە چوار خوێندکاری زیادە دراوە وەک دۆخی جیاواز. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە نیگەرانییەکان لەبارەی بێبایەخبوونی نمرەی باڵا زیادیان کردووە، چونکە کاتێک زۆربەی خوێندکاران نمرەی "A" بەدەستبهێنن، ئەو نمرەیە چیدی وەک پێوەرێک بۆ لێهاتوویی خوێندکار لای خاوەنکاران و خوێندنی باڵا نامێنێت.
 
ئەم سیستمە نوێیە، کە بڕیارە لە پایزی 2027ەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەلایەن زۆربەی مامۆستاکانی زانکۆکەوە پشتیوانی لێکراوە، بە جۆرێک کە 458 مامۆستا دەنگیان پێداوە و 201 مامۆستاش دژی بوون. 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی زانکۆکە، لە ساڵی خوێندنی 2024-2025دا نزیکەی دوو لەسەر سێی نمرەکانی خوێندکارانی هارڤەرد لە ئاستی "A" بوون، بەڵام زانکۆکە دەیەوێت ئەم رێژەیە بۆ ئاستی ساڵی 2010 دابەزێنێت کە تەنیا یەک لەسەر سێی خوێندکاران ئەو نمرەیەیان وەردەگرت. مامۆستاکانی زانکۆ لە راگەیێندراوێکدا پێشوازییان لەم گۆڕانکارییە کردووە و دەڵێن، نمرەی "A" لە هارڤەرد ئێستا مانا و واقیعێکی راستەقینە بە دەستکەوتەکانی خوێندکاران دەبەخشێتەوە.
 
ئەماندا کلایبۆ، راگری خوێندنی بەرایی لە هارڤەرد، ئەم دەنگدانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسف کرد و رایگەیاند و ئەم هەنگاوە کولتووری ئەکادیمیی زانکۆکە بەهێزتر دەکات. لە بەرامبەردا، خوێندکارانی زانکۆکە بە تووندی دژی ئەم بڕیارەن و بەپێی راپرسییەک، کە لە مانگی شوباتدا کراوە، 85٪ی خوێندکارانی هارڤەرد نەیاریی خۆیان بۆ گۆڕینی سیستەمی نمرەکان دەربڕیووە. 
 
پێشتر زانکۆ ناودارەکانی دیکەی ئەمریکا وەک پرینستۆن و کۆرنێڵ هەوڵی هاوشێوەیان داوە بۆ رێگریکردن لە هەڵاوسانی نمرەکان، بەڵام بەهۆی گوشارەکان و ناڕەزایەتییەکانەوە لە هەندێک حاڵەتدا پاشەکشەیان لێکردووە. 
 
بەرپرسانی هارڤەرد هیوادارن ئەم بوێرییەی ئەوان ببێتە نموونەیەک بۆ زانکۆکانی دیکەش تاوەکو بە هەمان ئاستی تووندی رووبەڕووی ئەم کێشەیە ببنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ: تووڕەییەکی زۆر لە ئێراندا هەیە و هیچ پەلەی رێککەوتنم نییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند، "رەنگە ناچار بین گورزێکی گەورەی دیکە"ـی لێبدەن و ئاشکرای کرد، رۆژی دووشەممە تەنیا "کاژێرێک" مابوو بڕیاری هێرشکردن بدات. ترەمپ لە گوتارێکدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، تووڕەییەکی زۆر لە ئێران هەیە.