رووداو دیجیتاڵ
پرسی ئێران هێشتا یەکێکە لە پرسە هەرە گەرمەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا. تەنانەت لە کاتی کۆبوونەوەکان دا لەبارەی بودجەی پێنتاگۆن یان هەر پرسێکی دیکەی سەربازی، بەشێکی زۆری پرسیاری ئەندامانی کۆنگرێس لە بەرپرسانی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، پەیوەستن بە ئێرانەوە.
بە گشتی کۆمارییەکان پشتیوانی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن و پێیان وایە، حکومەتی ئەمریکا چ بە رێککەوتن بێت یان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی، دەتوانێت دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و کێشەی گەرووی هورمز چارەسەر بکات.
جۆ وڵسن، ئەندامی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا، لەو بارەیەوە دەڵێت: ''سوپسگوزارم کە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت رێککەوتنێک بکات بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک، بەڵام لە راستیدا سوپای پاسداران و ئەوانەش کە ئێستا ئێران بەڕێوەدەبەن، روونە کە رێککەوتنیان ناوێت، بۆچوونی منیش ئەوەیە، کە ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانانی کەندا و وڵاتانی دیکەش کاردەکات---ئێران پێویستە رێککەوتن بکات و رێککەوتنەکەش جێبەجێکراوبێت، ئێمە دەزانین ئەوان جێبەجێی ناکەن، بۆیە دەبێت متمانە بکەین، بەڵام هەنگاوەکانیش پشتڕاست بکەینەوە، بۆیە دڵنیام دۆناڵد ترەمپ بەردەوام دەبێت، توانای ئەتۆمی و مووشەکی ئێران لەنێو دەبات کە هەڕەشەن لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و گەرووی هورمزیش دەکاتەوە، تاوەکو ئابووری جیهان بەێتە بارمتەی دەستی دیکتاتۆرە نابەرپرسەکانی تەهران.''
لەلایەکی دیکەوە، دیموکراتەکان تەواو پێچەوانەی ئەم بۆچوونە بیردەکەنەوە و پێیان وایە سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەم پرسە تەواو هەڵەیە. ئەوان هۆشداری دەدەن لەوەی بە دەستپێشخەریی شەڕ، ئەمریکا خۆی خستووەتە نێو چاڵێکەوە کە دەرچوون لێی ئاسان نییە. بۆیە بەشی زۆری دیموکراتەکان دژی گەڕانەوەن بۆ شەڕ و جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت ئەمریکا هەوڵبدات بە گفتوگۆ ئەو کێشانە چارەسەر بکات، یانیش بەلایەنی کەمەوە بۆ گەڕانەوە بۆ شەڕ، رەزامەندیی کۆنگرێس وەربگرێت.
جۆن گارامێندی، ئەندامی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا، رەخنە لە ئیدارەی وڵاتەکەی دەگرێت و ئەو پێیوایە: ''ئیدارەکە خۆی خستووەتە نێو چاڵێکەوە، دەرچوون لێیی ئاسان نییە، ئەم شەڕەیان دەستپێکردووە بەبێ ئەوەی بیر لە ئەنجامەکانی بکەنەوە، چۆن لێی دەردەچین، زۆر زۆر قورسە، دەبێت بگەڕێنەوە بۆشتێک کە چارەسەری نییە، دەبێت دانوستاندن بکرێت، ئەمەش کاتی پێویستە، ئەنجامی کۆتاییش ئەوەیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قۆناخی پێش شەڕەکە، ئەمە هەنگاوی یەکەم دەبێت، دەبێت ئەمە تێبپەڕێنینین، دەبێت پرسی ئەتۆمی چارەسەربکەین و دواتریش کێشەی گەرووی هورمز.''
بۆچوونەکان لە کۆنگرێس دا تەواو جیاوازن، بەڵام خاڵێکی هاوبەش کە زۆربەیان لەسەری کۆکن ئەوەیە، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئاسان نییە و بژاردەکانی بەردەم حکومەتی ئەمریکا قورسن. لەگەڵ ئەوەش دا، کۆشکی سپی بۆچوونی وایە کێشەکە ئاسانە؛ یان دەبێت ئێران رێککەوتن بکات یانیش دەستدەکەنەوە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بەڵام بە گشتی ئەمریکا زیاتر لەگەڵ بژاردەی رێککەوتنە نەک گەڕانەوە بۆ شەڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ