رووداو دیجیتاڵ
بەرلەوەی وەکو سەرۆکی نوێی وڵاتەکە دەستبەکاربێت، سەرۆکی هەڵبژێردراوی سریلانکا بەیعەتی بۆ گەنگەرەمایە، پیرۆزترین پەیکەری ئایینی بووزی لە کۆڵۆمبۆی پایتەخت دووپاتکردەوە.
رانیل ویکریمیسینگ دوای سوێندخواردن، هەڕەشەی کرد لەوەی، هەر کەسێک لەمەودوا هەڵکوتێتە سەر دامودەزگاکانی وڵاتەکە، رووبەڕووی دادگەی بکاتەوە.
رانیل یەکێک بوو لەو بەرپرسە باڵایانەی سریلانکا کە خۆپێشاندەران بە هۆکاری قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابوورییان دەزانی و داوایاندەکرد دەسەڵات بەجێبهێڵێت.
رانیل ویکریمیسینگ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی سریلانکا رایگەیاند، "بۆ هەموو ئاژاوەگێڕان و ئەوانەی هەڕەشە لە دیموکراسی دەکەن. بەپێی یاسا رووبەڕووتان دەبینەوە. دەمەوێت بە ئەوانی دیکەش بڵێم، حەز دەکەم هەموومان یەکبگرین و کۆدەنگییەک بکەینە هەوێنی پێشکەوتن."
هاووڵاتییە تووڕە و دڵشکاوەکانی سریلانکان، هیوایێکیان بە گۆڕانکاری نەماوە، روو لە ناوەندەکانی وەرگرتنی ڤیزا دەکەن تاوەکو ڤیزای وڵاتان وەربگرن و بۆ هەمیشە سریلانکا بەجێبهێڵن.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژانە لە سریلانکا 3000 کەس مامەڵەی ڤیزا دەکەن، بۆ هەر مامەڵەیەک ئاژانسەکانی دابینکردنی ڤیزا 42 دۆلاریان لێوەردەگرن. بەشێک لە ئۆفیسەکانی پێدانی ڤیزا 24 کاژێر کراوەن، بەڵام هێشتا فریای خەڵکەکە ناکەون.
چاندراکالا، هاووڵاتی سریلانکی دەڵێت، "هەلی کارم دەستناکەوێت. ژیان لێرە ئەستەمە، هەربۆیە دەمەوێت کۆچ بکەم. مووچەیەکی شایستەم دەوێت."
مادهیشانیتا، هاووڵاتی سەریلانکی پێیوایە پێویستە وڵات بەجێبهێڵێت و دەڵێت، "بەو دۆخەی ئێستا ئەستەمە بتوانم بژیم. نرخەکان بەرزبوونەتەوە و سووتەمەنی و مووچە نییە."
ئابووریی سریلانکا بە شێوەیەک خراپە، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی حوزەیراندا 54.6% بوو، وڵاتە 22 ملیۆن کەسییەکە 51 ملیار دۆلار قەرزدارە.
بەگوێرەی وەزارەتی کۆچبەرانی سریلانکا، لە 7 مانگی ئەمساڵدا هێندەی 2021 مامەڵەی پاسپۆرتیان کردووە، پێشتر هەر مانگێک 50 هەزار پاسپۆرت دەردەکرا، لە مانگی حوزەیراندا 122 هەزار پاسپۆرت دابینکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ