جیهان
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەنێو سەربازانی وڵاتەکەی لە ئیمارات بڕیارەکەی دەرکرد. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، رەزامەندیی فەرمیی داوە بۆ دروستکردنى کەشتییەکى فرۆکەهەڵگری ئەتۆمیی دیکە بۆ وڵاتەکەى.
ماکرۆن، لە سەردانێکیدا بۆ ئیمارات بۆ پیرۆزباییکردنی کریسمس لەگەڵ هێزەکانی فەرەنسا و گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەی کەنداو، گوتی: "دوای پێداچوونەوەیەکی ورد و هەمەلایەنە، بڕیارمدا فەرەنسا بکەمە خاوەنی فرۆکەهەڵگرێکی نوێ."
کەشتییە فرۆکەهەڵگرە نوێیەکە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات، زۆر گەورەتر دەبێت لە کەشتییە سەرەکییەکەی ئێستا کە کەشتیی 'چارلى دی گۆل'ـە.
فرۆکە هەڵگرى چارلى دی گۆل، دوای زیاتر لە دەیەیەک لە دروستکردنی، لە ساڵی 2001ـدا خرایە کار. کەشتییەکە تاکە فرۆکەهەڵگری ئەتۆمییە لە جیهاندا جگە لە کەشتییە فرۆکە هەڵگرەکانى نیمتز و جێراڵد فۆردی ئەمریکا.
ماکرۆن گوتی: "لە سەردەمی راوچییەکاندا، دەبێت بەهێز بین بۆ ئەوەی لێمان بترسن."
کەشتییە نوێیەکە کێشەکەی نزیکەی 80,000 تۆن دەبێت و درێژییەکەی نزیکەی 310 مەتر دەبێت.
هەروەها بە تاقمێکی 2,000 کەسییەوە، دەتوانێت 30 فڕۆکەی جەنگی هەڵبگرێت.
لە ئێستادا تەنیا چین و هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا هەڵگری فڕۆکەی هاوشێوەیان هەیە، بەڵام هیچیان بە هێزى ئەتۆمی کارناکەن.
راگەیاندنی دەستپێکردنی فەرمیی دروستکردنەکە لە کاتێکدایە کە قەیرانێکی بودجە فەرەنساى گرتووەتەوە.
فابیان ماندۆن، فەرماندەی سەربازیی فەرەنسا رەخنەى لە بڕیارەکەى ماکرۆن گرت و گوتى: " پێویستە بابەتی گرنگتر لە پێشینەدا بن، وەکو ئامادەکارى لە جەنگێکی ئەورووپی لەگەڵ رووسیا":
ئیمارات کڕیارێکی سەرەکیی کەرەستەی سەربازیی فەرەنسییە و بەگوێرەی راپۆرتەکان پاریس بیر لە یارمەتی ئەبوزەبی دەکاتەوە بۆ درووستکردنی فڕۆکەی جەنگیی داهاتووی.
دواى درێژەکێشانى جەنگى رووسیا و ئۆکراینا، هاوشان لەگەڵ وڵاتانى دیکەى ئەورووپى، فەرەنسا چەند رێکارێکى گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنى هێزى سەربازیی وڵاتەکەى، لەنێویاندا دەستپێکردنەوەى خزمەتى سەربازیی خۆویستانە بۆ گەنجان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ