رووداو دیجیتاڵ
لینزی گرام، سیناتۆری کۆماریی ئەمریکا داوای دەسپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حەماس و حیزبوڵڵا کرد ئەگەر چەک نەکرێن. هاوکات بزووتنەوەی حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی سەرقاڵی جێگیرکردن و پتەوکردنی دەسەڵاتەکەیەتی لە کەرتی غەززە.
رۆژی یەکشەممە 21-12-2025، لینزی گرام کە هاوپەیمانێکی نزیکی دۆناڵد ترەمپە، لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پێویستە بە خێرایی پلانێک دابڕێژرێت و مۆڵەتێکی دیاریکراو بدرێتە حەماس بۆ ئەوەی ئامانجی داماڵینی چەک بەدیبهێنێت."
ئەو سیناتۆرە هۆشداری دا و گوتیشی: "ئەگەر حەماس چەک نەکرێت، من هانی سەرۆک ترەمپ دەدەم کە دەستی ئیسرائیل واڵا بکات تاوەکو بڕۆن و کارەکەیان تەواو بکەن."
"90 رۆژ دوای ئاگربەست، حەماس بەهێز دەبێتەوە"
گرام جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتن لە ناوچەکەدا بەدی نایەت تاوەکو حەماس لە داهاتووی غەززە بێبەش نەکرێت، ئاماژەی بەوە کرد: "90 رۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئاگربەستەکەدا، بەڵام ئەوان خەریکی پتەوکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیانن لە غەززە." ئەوەشی گوت کە قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە (کە بڕیارە ئیسرائیل تێیدا لە غەززە بکشێتەوە) شکست دەهێنێت ئەگەر حەماس وەک خۆی بمێنێتەوە.
لوبنان و هەڕەشە لە حیزبوڵڵا
سەبارەت بە لوبنانیش، سیناتۆرە ئەمریکییەکە هەمان داواکاری هەبوو و رایگەیاند، ئەگەر حیزبوڵڵا رەتیکردەوە دەستبەرداری چەکە قورسەکانی ببێت، دەبێت "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان کار بکەن بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەش بە مەبەستی تێکشکاندنی حیزبوڵڵا."
ئەم داوایەی گرام لەکاتێکدایە کە حکومەتی لوبنان دەڵێ، دەستیان بە داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا کردووە لە باشووری وڵاتەکە، بەڵام ئیسرائیل گومانی لە توانای سوپای لوبنان هەیە و حیزبوڵڵاش تاوەکو ئێستا رەتیکردووەتەوە چەک دابنێت.
دژایەتی کردنی تورکیا لە هێزی ئاشتیپارێزدا
بەشێکی گرنگی لێدوانەکانی لینزی گرام پەیوەست بوو بە رۆڵی تورکیا، پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەکەی ئیسرائیل دەربڕی کە رێگە نەدرێت تورکیا بەشێک بێت لە "هێزی نێودەوڵەتیی جێگیرکردنی ئاشتی" لە غەززە. گرام گوتی: "لە هیچ شوێنێکی ئیسرائیل پاڵپشتییەکی سیاسی بۆ بەشداریکردنی تورکیا لەم هێزەدا نییە."
بەردەوامیی گرژییە مەیدانییەکان
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوەندگیران (ئەمریکا، قەتەر و میسر) بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کە خۆی لە کشانەوەی ئیسرائیل، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کاتی لە غەززە و داماڵینی چەک لە ناوچەکە دەبینێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، ئیسرائیل چەندین ناوچەی خان یونسی لە باشووری کەرتی غەززە بۆردوومان کردووە. رۆژی هەینیش لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر قوتابخانەیەک کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بوون، شەش کەس کوژران کە دووانیان منداڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ