رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانە سنوورییەکانی نێوان کەمبۆدیا و تایلەند کە دوو هەفتەیە دەستیپێکردووە، زیاتر لە نیو ملیۆن هاووڵاتیی کەمبۆدیا ئاوارە بوون؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە ناوچەییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان.
رۆژی یەکشەممە 21-12-2025، وەزارەتی ناوخۆی کەمبۆدیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی "بۆردوومانی چڕی تۆپخانە، مووشەک و هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف16ـی تایلەند، بە تێکڕا 518,611 کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، ناچار بوون ماڵ و قوتابخانەکانیان چۆڵ بکەن."
لەلایەکی دیکەوە، تایلەند رایگەیاند، ئەوانیش نزیکەی 400 هەزار ئاوارەیان هەبووە، بەڵام ئێستا ژمارەکە کەمی کردووە و تەنیا 200 هەزار کەس لەنێو پەناگەکاندا ماونەتەوە. تایلەند هۆشداری داوەتە ئاوارەکان، بەهۆی مەترسیی "مین و بۆمبی نەتەقیو" نەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
ململانێ لەسەر پەرستگەیەکی 900 ساڵە
ئەم گەڕە نوێیەی شەڕ لە 12ـی کانوونی یەکەمەوە دەستیپێکردووە و بەهۆی پەرستگەی (پریا ڤیهیار)ـی مێژووییە کە تەمەنی 900 ساڵە و هەر دوو وڵات کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 41 کەس کوژراون (22 لە تایلەند و 19 لە کەمبۆدیا). رەگی ئەم ململانێیە بۆ کێشە سنوورییەکانی سەردەمی کۆڵۆنیالیزم (داگیرکاری) دەگەڕێتەوە کە چەندین دەیەیە یەکلا نەبووەتەوە.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاگربەست
بڕیارە رۆژی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) لە شاری کوالالامپوری مالیزیا کۆببنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ راگرتنی جەنگ. تایلەند رایگەیاندووە کە ئەمە "دەرفەتێکی گرنگە"، بەڵام مەرجیان هەیە کە دەبێت سەرەتا کەمبۆدیا ئاگربەست رابگەیێنێت.
ئەم شەڕە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمدا رایگەیاندبوو کە سەرکەوتوو بووە لە چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام ئاگربەستەکە زۆری نەخایاند و شکستی هێنا.
هاوکات، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی هیوای خواستبوو کە تاوەکو رۆژی دووشەممە یان سێشەممەی داهاتوو ئاگربەست جێگیر ببێتەوە، چینیش نێردەی تایبەتی خۆی رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ نێوەندگیریی لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ