رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، گومرگی سەر بەرهەمەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و چین زیاد دەکەن، ئەوەی چین 10%ـە و، ئەگەری هەیە لە سەرەتای شوباتی ئەم ساڵەوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی قسەی کرد، سەبارەت بە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، "ئەوان زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا دەکەن؛ بۆیە گومرگیان لەسەر زیاد دەکرێت." ئەوەشی گوت، "دادپەروەرانە نابێت ئەگەر ئەوە نەکەین."
رۆژی 20ی مانگ، سەرۆکی ئەمریکا دوای سوێندخواردنی، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپای بە نەکڕینی بەرهەمە ئەمریکییەکان بەگوێرەی پێویست تۆمەتبار کردبوو، ئاماژەی بەوەش کردبوو، بەو هۆیەوە یان گومرگیان لەسەر زیاد دەکەن، یان پابەندیان دەکات بەوەی نەوت و گازی زیاتر لە وڵاتەکەی بکڕن.
هەفتەی رابردوو، ڤالدیس دۆمبرۆڤسکیس، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری ئابووری سەبارەت بە زیادکردنی گومرگ لەسەر یەکێتییەکەیان رایگەیاند، ئامادەن بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان. دوێنێش، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆنفرانسی داڤۆس رایگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ترەمپ.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی لەپێشینەی یەکێتیی ئەورووپا گفتوگۆکردنە لەبارەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ ترەمپ، "واقیع بینین، بەڵام بەرگری لە بنەماکانمان دەکەین، بەرژەوەندییەکانمان دەپارێزین و پاڵپشتیی بەهاکانمان دەکەین."
چین رکابەرێکی سەرەکیی ئابووریی ئەمریکایە، ترەمپ دەڵێت، 10%ی گومرگی زیاتر دەخەنە سەر بەرهەمە چینییەکان؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە "ئەوان فێنتانیل بۆ مەکسیک و کەنەدا دەنێرن."
فێنتانیل مادەیەکی کیمیاییە و وەکو چارەسەر بۆ چەند نەخۆشییەک بەکاردەهێندرێت، بەڵام یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی چەند جۆرێکی مادەی هۆشبەریش.
لەبارەی کاتی چالاکبوونی ئەو گومرگەی سەر چین، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە 1ی شوباتەوە" جێبەجێ دەکرێت. ئەوە هەمان ئەو کاتەیە کە پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو، بەهۆی رێگری نەکردنی بەرپرسانی مەکسیک و کەنەدا لە گەیشتنی کۆچبەران و فێنتانیل بە وڵاتەکەی، 25% گومرگ دەخاتە سەر بەرهەمەکانی ئەو دوو وڵاتە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، مەکسیک، کەنەدا و چین زۆرترین کاڵا و خزمەتگوزاری هەناردەی ئەمریکا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ