رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە، دەستوور و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان، لە بابەتی گفتوگۆکانیان بوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22-1-2025) لە داڤۆس، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان دەڵێ، "دۆخی گشتیی عێراق و کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و، جەخت لە رێزگرتن لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
سەرۆکی حکومەت "ستایشی هەوڵەکانی د. محهممهد ئهلحهسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی UN و بهرپرسی (يوونامى) لە عێراق کرد بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی عێراق."
"گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاگربەستی غەززە و بەتایبەتی دۆخی سووریا" تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە بوو، ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
زیاتر لە 350 سەرکردە کە 60ـیان سەرۆکی وڵات یان حکومەتن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆسی سویسرا بەشدارن.
مەسرور بارزانی و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز "هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامیی لە سووریا."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە رۆژی 20-1-2025 گەیشتە سویسرا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکاتە رایگەیاندبوو "لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەت زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ