ماکرۆن پشتیوانیی فەرەنسا بۆ هەوڵەکانی مەزڵووم عەبدی و ئاگربەست لە سووریا دووپات دەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێگەیشتووە و تێیدا پاریس پشتیوانیی بەهێزی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەست و گفتوگۆی نێوان هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا دووپات کردووەتەوە.
 
مەزڵووم عەبدی رۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکەدا ماکرۆن پشتیوانیی بۆ هەوڵەکانی هەسەدە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربڕیوە بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەست، دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی هەمیشەیی کە لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەکەدا بێت.
 
بەگوێرەی پۆستەکەی مەزڵووم عەبدی، لە گفتوگۆکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەسەدە و دیمەشق کراوەتەوە، بەجۆرێک کە "مافی سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی سووریا بپارێزرێت."
 
ئاگربەستێکی لەرزۆک
 
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە ئاگربەستێکی چوار رۆژە (کە لە 20ـی کانوونی دووەمەوە راگەیێندراوە) بەشێوەیەکی لەرزۆک لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە. ئاگربەستەکە کات بە هەسەدە دەدات بۆ تەواوکردنی پلانی تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوە شارستانییەکان بە حکومەتی راگوزەری سووریا، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنە فراوانەکەی 18ـی مانگ.
 
جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان
 
هاوکات لەگەڵ فەرەنسا، ئەمریکاش جموجۆڵەکانی چڕکردوونەتەوە. تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ سووریا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کۆبووەوە. باراک پابەندبوونی واشنتنی بە پڕۆسەی تێکەڵکردن دووپات کردەوە و داوای لە هەموو لایەک کرد پابەندی ئاگربەست بن. مەزڵووم عەبدی بەشداریی ئەمریکای بە "جیدی" وەسف کرد و بەڵێنی دا کار بۆ تێکەڵکردنی راستەقینە بکات.
 
وردەکاریی رێککەوتن و دۆخی گۆڕەپان
 
پێشهاتەکان دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی سەربە حکومەتی سووریا لە سەرەتای ئەم مانگەدا پێشڕەویی خێرایان کرد بۆ ناوچەکانی دێرەزوور، گوندەواری رەققە و رۆژهەڵاتی حەلەب.
 
بەپێی ئەو چوارچێوەیەی کاری لەسەر دەکرێت:
 
• شەڕڤانانی هەسەدە تێکەڵی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی سووریا دەکرێن.
 
• کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و دەروازە سنوورییەکان رادەستی دیمەشق دەکرێنەوە.
 
• دۆسیەی زیندانەکانی داعش دەچێتە دەستی حکومەت.
 
• لە بەرامبەردا، حکومەتی سووریا هێزەکانی نانێرێتە شارە کوردییەکانی وەک قامشلۆ و حەسەکە، ئەگەر پڕۆسەکە بە باشی بڕوات.
 
• بەپێی راپۆرتەکان، دەسەڵات بە مەزڵووم عەبدی دراوە بەربژێر بۆ پۆستەکانی وەک جێگری وەزیری بەرگری و پارێزگاری حەسەکە پێشكێش بکات.
 
سەرەڕای هەوڵەکان، گرژی لەسەر زەوی ماوە. بەرپرسانی سووریا هۆشدار دەدەن ئەگەر دوای تەواوبوونی وادەی چوار رۆژەکە هەسەدە بەتەواوی پابەند نەبێت، ئەگەری هێرشی سەربازی هەیە. لە بەرامبەردا هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە "پاراستنی ناوچە کوردییەکان و مافی پێکهاتەکان هێڵی سوورە."
 
هاتنە سەر هێڵی فەرەنسا ئاماژەیە بۆ نیگەرانیی ئەورووپا لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی پاشماوەکانی داعش، بەتایبەت لە کەمپی هۆل.

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تانکێکی سەر بە دیمەشق لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. وێنە: AFP

بەریتانیا داوای راگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و پەیوەندیی بە دیمەشق و هەسەدەوە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی پەرەسەندنەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەردەبڕێت و ئاشکرای دەکات، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان پەیوەندیی بە حکومەتی سووریا و نوێنەری تایبەتیشیان پەیوەندیی بە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە کردووە.