ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر دۆخی سووریا کۆبووەوە؛ جەخت لە مافی کورد و مەترسییەکانی داعش دەکرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی دۆخی سیاسی و مرۆیی سووریا لە کۆبوونەوەدایە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بە کراوەیی، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکەی داخراو لەسەر هەمان تەوەر بەردەوام بێت. تێیدا نوێنەرانی وڵاتانی زلهێز هەڵوێستی خۆیان لەسەر گۆڕانکارییەکانی سووریا دەربڕی.
 
رووسیا: پێویستە رێز لە کورد، عەلەوی و دروزەکان بگیرێت
 
نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، پێویستە رێز لە کورد، عەلەوی و دروزەکان بگیرێت. داوای کرد لایەنەکان بەردەوام بن لە دانوستاندن و خۆیان بەدوور بگرن لە رووبەڕووبوونەوە، کە گرژیی سەربازیی زیاتر دەکات و لە جڵەو دەردەچێت. 
 
گوتیشی: "بۆ ئەوەی سەقامگیریی باڵ بەسەر سووریادا بکێشێتەوە، پێویستە گفتوگۆ و دانوستاندنی زیاتر هەبێت."
 
نوێنەری رووسیا جەختی لە گرنگیی مەرسوومەکەی سەرۆکی سووریا کردەوە بۆ بەفەرمی ناساندنی مافەکانی کورد و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا بۆ گەڕانەوەی متمانە لەم کاتە ناخۆشەدا. 
 
هاوکات هۆشداری دا لە مەترسی داعشەکانی نێو زیندان و کامپەکان و گوتی: "زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە مەترسییان لەسەرە کە چەندین تیرۆریستیان تێدا بوو، هەندێکیان هەڵاتوون و هەندێکیان گیراونەتەوە". 
 
گوتیشی، "نابێ دووبارە هەڕەشەی ئاسایش سەر هەڵبداتەوە کە تەنیا بۆ سەر سووریا نییە، بەڵکو بۆ سەر هەموو ناوچەکەیە" و  هیوای خواست، حکومەتی سووریا هەموو داعشە هەڵاتووەکان دەستگیر بکاتەوە.
 
"وڵاتان رێزی سەروەریی سووریا بگرن"
 
نوێنەری رووسیا جەختی لەوەش کردەوە کە تێکەڵکردنی هێزەکان پرسێکی بەردەوامە و پێویستی بە چارەسەرە. ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی سووریا داوای کۆبوونەوە و گفتوگۆی لە هەسەدە کردووە. 
 
لە لایەکی دیکە باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر گۆلان و داوای کرد هەموو وڵاتان دان بەخۆیاندا بگرن و رێزی سەروەریی وڵاتانی عەرەبی بگرن.
 
"بەم زستانە ژن و منداڵ بە پێ خواسی ئاوارە بوون"
 
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی، نوێنەری رووسیا ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی راپۆرتەکان، لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ژن و منداڵ بەم زستانە سەختە بە پێ خواسی و بە بێ جلوبەرگ دەربەدەر بوون و خێمە و پەناگەیان نییە. 
 
گوتیشی: "هاوکارییەکان سنووردارن و ئەمانە ئێمەیان هەژاند، بەتایبەتی لە سنووری رەققە ئاو نییە کە قەیرانێکی گەورەی مرۆییە."
 
داوای کرد رێکخراوە مرۆییەکان بە زووترین کات هاوکاری بگەیێننە خەڵکی لێقەوماو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ئەوەی بەسەر دروزەکان هات و دواتر لە حەلەب و ئێستاش لە رەققە، نیشانەی ناسەقامگیری سووریایە و داوای لە دراوسێکانی سووریا کرد گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەر.
 
ئەمریکا: پشتگیری لە رێککەوتنی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکەین
 
نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێ سەقامگیریی بۆ سووریا بگەڕێنێتەوە. باسی لەوە کرد کە لەمێژە ئەمریکا پشتیوانی بەزاندنی داعشی کردووە و لەگەڵ هەسەدە کە قوربانییەکی زۆریان داوە. 
 
ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و حکومەتی سووریا لە ساڵی 2025ەوە خۆی بەشداری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری ئەمریکا بکات لە دژی تیرۆر."
 
نوێنەری ئەمریکا گوتی، "دیمەشق ئێستا دەتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، بەتایبەتی بەرپرسیارێتیی ئەو کامپانەی داعشیان تێدایە. 
گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ هەسەدە و دیمەشق کار دەکەین بۆ ئەوەی بە شکۆمەندانە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تێکەڵی سووریا بکەین". هەروەها سوپاسی راگەیاندنی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەی کرد بۆ ئەوەی هەردوولا کار لەسەر وردەکارییەکان بکەن، بەتایبەت لەسەر ئەو رێککەوتنەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کردیان.
 
"پشتگیریی لە مەرسوومەکەی شەرع دەکەین"
 
ئەمریکا جەختی کردەوە کە پشتیوانی لە دانپێدانانی سەرۆک شەرع بە مافی زمان و کولتووری کورد دەکات بۆ ئەوەی مافی کورد لە دەوڵەتی سووریا پارێزراو بێت. هەروەها داوای لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کرد پشتیوانی سووریایەکی سەقامگیر بکەن کە دەرفەت بۆ هەمووان هەبێت و هیوای خواست نێردەی تایبەت دووبارە نووسینگە لە دیمەشق بکاتەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵک.
 
بەریتانیا: دۆخی مرۆیی زۆر دژوارە
 
نوێنەری بەریتانیا نیگەرانی وڵاتەکەی لە گرژییە سەربازییەکانی سووریا دەربڕی و داوای پابەندبوون بە ئاگربەست و یارمەتیدانی ئاوارەکانی کرد. راشیگەیاند کە شۆک بوون بە هەڵاتنی داعشەکان لە زیندان و داوای کرد زیندانەکان پاسەوانی بکرێن. 
 
ئاماژەی بەوەش کرد شەڕ دۆخی مرۆیی سەختتر کردووە، دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون و ئاو، کارەبا و ئینتەرنێتیان بڕاوە. جەختی کردەوە کە خەڵکی سووریا شایانی سەقامگیرین و دەبێ مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
 
فەرەنسا: پێشوازی لە تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا دەکەین
 
نوێنەری فەرەنسا پێشوازی لە ئاگربەستەکەی نێوان شەرع و مەزڵووم عەبدی کرد و داوای کرد لایەنەکان دانیشن بۆ تاوتوێی تێکەڵاوکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا. جەختی کردەوە کە دەبێ مافی کوردە سڤیلەکان پارێزراو بێت و شەڕ نەمێنێت. 
 
فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ گواستنەوەی دەسەڵات دەربڕی و نیگەرانی لە هەڵاتنی داعش نیشاندا. هەروەها مەرسوومەکەی سەرۆکی سووریای بۆ مافەکانی کورد بە "ئاراستەیەکی راست و دروست" ناوبرد و داوای سزادانی ئەوانەی کرد کە بەشداربوون لە کۆمەڵکوژی سوەیدا و کەناراوەکان.
 
چین: داوای پاراستنی سەروەریی سووریا دەکەین
 
نوێنەری چین دەستخۆشی لە هەوڵەکانی ئاشتەوایی کرد و داوای پابەندبوون بە ئاگربەستی کرد. نیگەرانی خۆی لە هەڵاتنی داعش لە سنووری حەسەکە و دروستبوونی قەیرانی مرۆیی و برسیێتی ملیۆنان خەڵک دەربڕی. داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوکاری لێقەوماوان بکەن لەم زستانەدا و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی سووریا دووپات کردەوە.
 
پەنەما: دەبێ کورد نوێنەری لە حکومەتدا هەبێت
 
نوێنەری پەنەما رایگەیاند کە دوای 14 ساڵ شەڕ، هێشتا خەڵک خۆڕاگرن، بەڵام شەڕی باکوور لە نێوان هەسەدە و سوپای سووریا دەیان هەزار کەسی ئاوارە کردووە. داوای کرد سووریا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و رێگە بە کورد بدات نوێنەری خۆیان لە نێو حکومەتدا هەبێت. هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی راگوزەری سووریا دەربڕی و داوای کرد سوپای سووریا رێز لە هەموو لایەک بگرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە