ماکرۆن سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ نێوەندگیرییەکەی لە سووریا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی ئیلیزێ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ی کانوونی دووەمی 2026) بڵاویکردەوە، هەڵوێستی فەرەنسای لەبارەی داهاتووی سووریا و پرسی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد. هاوکات سوپای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ نێوەندگیرییەکەی.
 
فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە یەکەم رۆژی رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە، بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ بونیادنانی سووریایەکی یەکگرتوو و سەروەر کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت.
 
هەوڵە دیپلۆماسییەکان و نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێ، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکان ئەنجامداوە، لەوانە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە.

 

کۆشکی ئیلیزێ دەشڵێت، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە فەرمی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەوڵەکانی لە نێوەندگیریی نێوان لایەنەکاندا [لە سووریا]. 
 
کۆشکی ئیلیزێ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هاوئاهەنگییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیییە کە لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و ئاسایشی ئەورووپی و ئەمریکییەکاندا بێت.
 
ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدە
 
فەرەنسا داوای ئاگربەستێکی هەمیشەیی و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم دەکات لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی سووریا و رێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد.
 
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "فەرەنسا هەوڵ بۆ تێکەڵکردنی سیاسی، کارگێڕی، سەربازی و ئابووریی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەدات و پشتگیری دەکات، بەڵام ئەمە نابێت بە هێز و لەسەر حیسابی ئاسایشی خەڵکی سڤیل لە کۆبانی یان حەسەکە بێت." هەروەها هۆشداری دراوە کە ئاگربەستەکە هێشتا ناسکە و دەبێت رێگری لە هەر گرژییەکی نوێ بکرێت.
 
ئاسایشی زیندانەکانی داعش
 
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، فەرەنسا جەخت لە پێویستیی هاوئاهەنگی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکاتەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی زیندانەکان و گواستنەوەی دەستبەسەرکراوەکان بە شێوەیەکی رێکخراو. 
کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت: "پێکدادانەکانی ئەم دواییە و بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر هەسەدە، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کۆنترۆڵکردنی زیندانەکانی تیرۆریستان هەبووە."
 
رێزگرتن لە ئازایەتیی هەسەدە
 
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، سەرۆککۆماری فەرەنسا ستایشی پابەندی و ئازایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کرد لە شەڕی دژی داعشدا و رایگەیاند، نابێت ئەو قوربانییانە گومانیان بخرێتە سەر. 
 
فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا سووریا بووەتە ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دەبێت پابەند بێت بەردەوامبوون لە شەڕی داعش لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان.
 
 
دەقی راگەیێندراوی کۆشکی ئیلیزێ:
 
کۆشکی ئێلیزێ، پێنجشەممە، 22ی کانوونی دووەمی 2026
 
بەیاننامە
 
هەر لە یەکەم رۆژی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە و بەگوێرەی پابەندبوونی نەگۆڕمان لە ساڵی 2011ـەوە، فەرەنسا پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی سووریای کردووە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت، هاوکات بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانمان بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
 
لە درێژەی ئاڵوگۆڕ و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی فەرەنسا، سەرۆکی کۆمار لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆی زیاتری لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع، هەروەها لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، کە سوپاسی هەوڵەکانی نێوەندگیرییان دەکات، بە مەبەستی هەماهەنگی کردنی هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی درێژخایەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەموو ناوچەکە و ئاسایشی ئەوروپییەکان و ئەمریکییەکان بکات.
 
ئەم چارەسەرە پێویستی بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم هەیە لەسەر بنەمای گەرەنتیکردنی یەکگرتوویی سووریا و رێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکانی، بە تایبەتی دانیشتووانە کوردەکانی خۆی. تێکەڵکردنی سیاسی، کارگێڕی، سەربازی و ئابووری هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامانجێکە کە فەرەنسا هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات و پشتیوانی لێدەکات، بەڵام ناتوانرێت بە زەبری هێز بەدەست بهێنرێت بێ گوێدانە سەلامەتی دانیشتوانی مەدەنی لە کۆبانی یان حەسەکە. ئاگربەستەکە تا ئێستاش لەڕادەبەدەر ناسکە و زۆر گرنگە کە دوور بکەوێتەوە  لە دەستپێکردنەوەی هەر گرژییەک.
 
هەروەها ئەم چارەسەرە لە روانگەی ئەمنییەوە پێویستی بە هەماهەنگی هاوپەیمانی جیهانی دژ بە داعش هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و گواستنەوەی رێکوپێکی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنەکان.
 
شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییە و هێرشە بەردەوامەکان دژی هێزەکانی هەسەدە و کاریگەرییەکانیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارانی تیرۆریست، راستەوخۆ  ئەم ئامانجانەیان تێکداوە. فەرەنسا شانبەشانی هێزەکانی (هەسەدە) شەڕی داعشی کردووە، کە سەرۆک کۆمار دەستخۆشی لە پابەندبوون و ئازایەتییان لەم شەڕەدا لێدەکات و نابێ ئەو هەوڵانە بخرێنە ژێر پرسیارەوە. لە ئێستادا سووریا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەولەتی دژی داعش-ـە و دەبێت پابەندی خۆی هاوشانی سەرجەم هاوپەیمانە خۆبەخشەکان نیشان بدات بۆ بەردەوامیدان بە شەڕی دژی داعش بە رێزگرتن لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانمان کە هاوکات بەرژەوەندی ناوچەکە و ولاتانی تری ئەوروپا و ئەمریکان.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تانکێکی سەر بە دیمەشق لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. وێنە: AFP

بەریتانیا داوای راگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و پەیوەندیی بە دیمەشق و هەسەدەوە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی پەرەسەندنەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەردەبڕێت و ئاشکرای دەکات، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان پەیوەندیی بە حکومەتی سووریا و نوێنەری تایبەتیشیان پەیوەندیی بە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە کردووە.