رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی دەڵێ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتێکی کورت دەداتە لایەنە ناکۆکەکانی ئێران تاوەکو لەسەر پێشنیازێکی یەکگرتوو رێکبکەون، ئەگەرنا ئەو ئاگربەستەی کە رۆژی سێشەممە درێژی کردەوە، کۆتایی پێدەهێنێت.
رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، سێ بەرپرسی ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"یان راگەیاندووە، دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە تەنیا سێ بۆ پێنج رۆژی دیکە مۆڵەت بداتە ئێرانییەکان تاوەکو ناوماڵی خۆیان رێکبخەنەوە، بەڵام جەختیان کردووەتەوە کە ئەم مۆڵەتە "بێ کۆتایی نابێت."
لێکترازانی دەسەڵات لە تاران
بەپێی راپۆرتەکە، دانوستاندنکارانی ئەمریکا بڕوایان وایە رێککەوتن هێشتا ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام نیگەرانن لەوەی کەسێک لە تاران نەبێت دەسەڵاتی بڕیاردانی هەبێت.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بە دەگمەن پەیوەندی دەکات و لە نێوان ژەنەڕاڵەکانی سوپای پاسداران و دانوستاندنکارە مەدەنییەکانی ئێرانیشدا ململانێیەکی تووند لەسەر ستراتیژیی جەنگ و ئاشتی هەیە.
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت: "لێکترازانێکی رەها لە ناوخۆی ئێران لە نێوان سەربازییەکان و دیپلۆماتکارەکاندا دەبینین، هیچ لایەکیشیان دەستیان بە رێبەری باڵا ناگات کە وەڵامی کەس ناداتەوە."
بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، لە هێرشەکەی وڵاتەکەیان-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا، هاوشان لەگەڵ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی بە سەختی بریندار بوو. رۆژی 8ی ئادار، موجتەبا وەکو رێبەری ئێران دیاریکرا.
کاریگەریی کوشتنی عەلی لاریجانی
بەرپرسانی واشنتن پێیان وایە ئەم پاشاگەردانییەی تاران بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کوشتنی عەلی لاریجانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە لایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی ئاداردا.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، لاریجانی ئەو کەسایەتییە بوو کە دەیتوانی بڕیارەکان یەکبخات، بەڵام محەممەد باقری زوڵقەدر کە جێگەی گرتووەتەوە، نەیتوانیووە هاوئاهەنگی لە نێوان سوپای پاسداران و حکومەتدا دروست بکات.
پەککەوتنی گەشتەکەی جەی دی ڤانس
48 کاژێری رابردوو بۆ کۆشکی سپی زۆر بێزارکەر بووە، بەتایبەت بۆ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە جانتاکانی بۆ گەشتکردن بەرەو ئیسلامئاباد پێچابووەوە تاوەکو سەرکردایەتی خوولی دووەمی گفتوگۆکان بکات.
فڕۆکەی "ئایرفۆرس توو" بۆ چەندین کاژێر لە سەر رێڕەوی فڕین لە بنکەی ئەندرۆس ئامادە بوو، بەڵام کاتێک دەرکەوت سوپای پاسداران رێگری لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەد باقری قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەکات بۆ چوونە پاکستان، گەشتەکە هەڵوەشایەوە.
ستراتیژیی ترهمپ و گوشاری گەمارۆی دەریایی
رۆژی سێشەممە ترهمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆبووەوە. سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە راوێژکارەکانی داوای وەشاندنی گورزی تووندیان لە ژێرخانەکانی وزەی ئێران دەکرد، بەڵام ترهمپ بڕیاریدا دەرفەتێکی دیکە بداتە دیپلۆماسی، چونکە پێی وایە ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە هەموو ئامانجەکانی پێکاوە و دەیەوێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت.
دۆناڵد ترهمپ لە پۆستێکی نوێدا لە "تروس سۆشیاڵ" ئاشکرای کردووە کە گەمارۆ دەریاییەکە گەورەترین کارتی گوشاری ئەوە و گوتی: "ئێرانییەکان برسیی پارەی کاشن و ناتوانن تەنانەت مووچەی سوپا و پۆلیسەکەیان بدەن. ئەوان دەیانەوێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە تاوەکو رۆژانە 500 ملیۆن دۆلاریان دەست بکەوێت."
ترهمپ هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێستا گەمارۆکە هەڵبگرێت، هەرگیز رێککەوتن ناکرێت "مەگەر ئەوەی تەواوی وڵاتەکەیان و سەرکردەکانیان بتەقێنینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ