رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ دەڵێ، ئەگەری هەیە تاوەکو رۆژی هەینی "هەواڵی خۆش" سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران ببیستین.
رۆژی چوارشەممە 22-04-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست رایگەیاند، رەنگە تاوەکو رۆژی هەینی [24-04-2026] هەواڵی خۆش لەبارەی گەڕی نوێی دانوستاندنەکان ببیستین.
رۆژنامەکە لە ترەمپی پرسیوە، ئەگەری گۆڕانکاری ئەرێنی هەیە؟ ترەمپ لە وەڵامدا گوتوویەتی: "ئەگەری هەیە."
سەرچاوەکان لە ئیسلامئابادیش دەڵێن، لە 36 بۆ 72 کاژێری داهاتوودا ئەگەری دروستبوونی "وەرچەرخانێک" لە پرسی دانوستاندنەکاندا هەیە.
دوێنێ سێشەممە ترەمپ رایگەیاند، ئاگربەستی ئێستا [لەگەڵ ئێران] درێژدەکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی سەرکردایەتییە دابەشبووەکەی ئێران دەگەنە "پێشنیازێکی یەکگرتوو."
سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ گوتی، گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.
ترەمپ لە پۆستێکدا نووسی، ئێران دەیەوێ تەنگەی هورمز بکرێتەوە تاوەکو "رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار پەیدا بکەن،" بەڵام هۆشداری دا، تاوەکو رێککەوتن نەکرێ، گەمارۆکە لانابرێ.
هاوکات، سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دەستیان بە سەر دوو کەشتیدا گرتووە کە ویستوویانە لە تەنگەی هورمز تێپەڕ بن و هۆشداری دا کە دەبێت هەموو کەشتییەک مۆڵەت لە تاران وەربگرێت.
ئێستا بازاڕەکانی جیهان بە وریاییەوە چاوەڕێی رۆژی هەینین، لە کاتێکدا نرخی نەوتی برێنت دووبارە بەرەو 100 دۆلار هەڵکشاوە و نەوتی تێکساسیش لە سەرووی 90 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە ئەمەش گوشارێکی گەورەی لە سەر ئیدارەی ترەمپ دروست کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ