رووداو دیجیتاڵ
لوک ئابلێت، جووتیارێکی بەریتانییە، ئەو زوو زوو دەچێتە سەر زەوییەکەی و خواخوایەتی بارانێک ببارێت.
ئەو جووتیارە باس لەوە دەکات، "دەبێت پەتاتەکانم بە جۆرێک گەورە بن بە کەڵکی کارگەکانی چپس بێن. کەس پەتاتەی بچووکی ناوێت. دەبێت لەوە دڵنیا ببمەوە کە بەشێوەی پێویست ئاو دەدرێن. دەبێت چاوەڕێی بارینی باران بکەم."
لە مانگی سێی ئەم ساڵەوە، بارانێکی زۆر کەم لەم ناوچەیە باریووە، بۆیە چەوەندەر و پەتەتەکانی گەشەی پێویستیان نەکردووە.
پرۆفیسۆر لیز بێنتلی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی کەشناسی شاهانەی بەریتانیا لەبارەی کەمبارانی باس لەوە دەکات، "گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەری وشکەساڵی زیادکردووە. نەوەک تەنیا ئەو ساڵانەی تێیاندا رووبەڕووی وشکەساڵی دەبینەوە زیادی کردووە، بەڵکو کاتی وشکەساڵییەکەش درێژتر بووەتەوە. پێشتر لە 16 ساڵدا یەک ساڵ وشکەساڵی هەبوو، بەڵام لە 10 ساڵی داهاتوودا هەر پێنج ساڵ جارێک وشکەساڵی سەرهەڵدەدات."
بەپێی یەکێتیی جووتیارانی بەریتانیا، وشکەساڵی هەندێ لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی تاوەکو 40٪ کەمکردووەتەوە.
پێشبینی دەکرێ لە ساڵی 2025 دا بەهۆی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەواوە خەرجی ساڵانەی خێزانەکان سێ هەزار پاوەند زیاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ