رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد لەبارەی پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان ستۆکهۆڵم و بەغدا بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراقی لە پەیوەندیداین و گفتوگۆمان بەردەوامە."
دوای ئەوەی کە پەناخوازێکی عێراقی بۆ دووەم جار بە مۆڵەتی پۆلیسی سوێد لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز کرد، رۆژی پێنجشەممە حکومەتی عێراق بڕیاریدا هەڵسوڕێنەری کاروباری خۆی لە ستۆکهۆڵم بکشێنێتەوە و باڵیۆزی وڵاتە ئەوروپییەکەش لە بەغدا دەربکات.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد لەو بارەیەوە لە ئیمەیڵێکدا بۆ رووداو نووسیویەتی، "ئێمە تێبینی راگەیێندراوەکانی نوێنەرەکانی حکومەتی عێراقمان کردووە کە هەڵسوڕێنەری کاروباری خۆی لە ستۆکهۆڵم دەکشێنێتەوە و داوا لە باڵیۆزی سوێدیش کراوە عێراق جێبێڵێت."
وەزارەتەکە دەشڵێت، "باڵیۆزی سوێد گەڕاوەتەوە ستۆکهۆڵم."
مۆڵەتدانەوەی سوێد بە بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز توڕەیی و ناڕەزایی عێراق و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی زۆرینە موسڵمانی لێکەوتەوە.
سەلوان مۆمیکا، هەمان ئەو پەناخوازە عێراقییەیە کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
ناڕەزایی و توڕەیی موسڵمانان و سەرکۆنەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئەو کارە، نەبوونە رێگر لە بەردەم مۆڵەتدانی پۆلیسی سوێد بە دووبارەبوونەوەی ئەو کارە.
رۆژی پێنجشەممە 20-7-2023 پەناخوازە تەمەن 37 ساڵییەکە لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بێڕێزیی بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق کردەوە.
پێش ئەوەی ئەو کارە بکات، خۆپێشاندەرانی توڕە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و بەشێکیانی سووتاند.
هەمان رۆژ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد لە بەغدا.
دواتر نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سوودانی "وەزارەتی دەرەوە رادەسپێرێت بە کشاندنەوەی هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراقی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد. هەروەها داوایکردووە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا خاکی عێراق جێبێڵێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دووبارە رێگەدانی حکومەتی سوێد بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سووتاندنی ئاڵای عێراق."
لە هەمان رۆژدا، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای ئێریکسۆنی سوێدی کە لە بواری پەیوەندییە تێلیکۆمییەکاندا کاردەکات، هەڵپەساردووە و گوتی، "عەلی موئەییەد، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای ئێریکسۆنی سوێدی بۆ پەیوەندییەکان لە نێو خاکی عێراقدا هەڵپەسارد، ئەوەش لە بەرامبەر رێگەدانی وڵاتەکەی بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق."
بەڵام رۆژی هەینی 21ـی تەممووزی 2023 د. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە میوانی بوولتەنی کاژێر 20:00ـی رووداو بوو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد و رایگەیاند، "بڕیاری دەرکردنی دیپلۆماتانی سوێد لە عێراق پەیوەندی بە کەرتی بازرگانییەوە نییە و رێگە لە کارکردنی هیچ کۆمپانیایەکی سوێدی لە عێراق نەگیراوە." گوتیشی، "حکومەتی عێراق رێز لە هەموو ئەو گرێبەستانە دەگرێت کە لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکان واژۆی کردوون."
هەر لە رۆژی پێنجشەممە، پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هەڵپەساردنی کارەکانی نوێنەرایەتیی لەو وڵاتە راگەیاند و گوتی، "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو بێڕێزییە دەکات کە بۆ دووەم جارە بەرامبەر قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوێد دەکرێت؛ هاوکات پەلاماردانی باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا سەرکۆنە دەکات کە ئەمەشیان دژی نەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێکەوتننامەی ساڵی 1961ـی ڤیەننایە."
وەزارەتی دەرەوەی سوێد رووداوی گەڕاندەوە بۆ راگەیێندراوێکی پێشووی خۆی کە تێیدا سەرکۆنەی کارەکەی سەلوان مۆمیکا دەکات و دەڵێت، "بێڕێزیکردن بە قورئان، یان هەر پەرتووکێکی دیکەی پیرۆز، دەستدرێژی، بێڕێزیی و هەراسانکارییەکی روونە. دەربڕینی دەمارگیری، رقبوونەوە لە خەڵکی دیکە و یەکترقبووڵنەکردن هیچ شوێنێکی لە سوێد یان ئەوروپادا نابێتەوە."
لەو راگەیێندراوەدا کە پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتەکە دەشڵێت، "حکومەتی سوێد لەوە تێدەگات کە ئەم کارە قێزەونانەی لە لایەن هەندێ تاکە کەسەوە لە خۆپێشاندانەکاندا لە سوێد ئەنجامدەدرێن، رەنگە ببنە هۆی بریندارکردنی هەستی موسڵمانان. ئێمە بە تووندی ئەم کارانە رەتدەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی راوبۆچوونەکانی حکومەتی سوێد نین."
سوێد هیچ یاسایێکی نییە رێگری لە کوفرکردن بکات بۆیە بە پێی دەستوور پۆلیس ناتوانێت رێگری لە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان بکات.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو: "لە سوێد ئازادیی گردبوونەوە، ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپێشاندان، مافێکی دەستوورییە. حکومەتی سوێد پێیوایە کە زۆر جێگەی داخە کە تووندڕۆ و هەراسانکەرەکان هەوڵدەدەن دووبەرەکی بخەنە نێوان موسڵمانان و ناموسڵمانان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ