رووداو - هەولێر
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەیەکی بەناوی (رێککەوتن بۆ داهاتوو)ی پەسندکرد کە ئامانج لێی وەڵامدانەوەی ئاستەنگەکانی سەدەی 21ـە، لەوانەش ململانێیەکان، دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاستەنگەکانی بەردەم مافەکانی مرۆڤ.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پڕۆژەیە دەرفەتێکە بۆ بەهێزبوونی هاوئاهەنگییە نێودەوڵەتییەکان.
دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێدەکەن و هەر ئێستاش ژمارەیەکی زۆر سەرکردە گەیشتوونەتە نیویۆرک بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان و پێشکێشکردنی گوتاری وڵاتەکانیان. لە رێوڕەسمی پەسندکردنی پڕۆژەکەدا دەیان سەرکردەی وڵات ئامادە بوون، لەوانەش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
محەممەد شیاع سوودانی رۆژی 21-9-2024 بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی بەرەو نیویۆرک جێهێشت.
لە پڕۆژەکەدا هاتووە، سەرکردەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ "بەدەستهێنان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەوەی ئێستا و داهاتوو".
دۆکیومێنتەکە دەڵێت، "باوەڕمان وایە رێگەیەک بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەیە".
پڕۆژەکە جەخت لەسەر 56 "هەنگاو" دەکاتەوە، لەوانەش پابەندبوون بە پێکەوەبوونی وڵاتان بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، رێزگرتن پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارکردن بۆ سەرخستنی ئاشتی.
پڕۆژەکە داوای چاکسازیکردن لە دامەزراوە ئابوورییە جیهانییەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە گرنگە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، خێراکردنی چەکداماڵین و رێکخستنی ژیریی دەستکرد.
پەسندکردنی دۆکیومێنتەکە کەمێک دواکەوت، ئەوەش بەهۆی دەستوەردانی سێرگی ڤێرشینین، بریکاری وەزیری دەرەوەی رووسیا.
ڤێرشینین وێنەیەکی جیاوازی دۆکیومێنتەکەی پێشکێشکرد کە جەختی لە "بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان" دەکردەوە. هەریەکە لە بێلاڕووس، کۆریای باکوور، ئێران، نیکاراگوای و سووریا پاڵپشتییان لە هەنگاوەکەی رووسیا کرد، بەڵام دواتر پەسندنەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ