ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی براندنبێرگ: پارتی سۆسیال دیموکرات زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا

22-09-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی برنادنبێرگ لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، پێچەوانەی راپرسییەکان، پارتی سۆسیال دیموکرات یەکەم، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دووەم و پارتی کریستیان دیموکرات و هاوپەیمانی ساغا ڤاگنێشت سێیەم بوون. 

رۆژی 22ـی ئەیلوولی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی برنادنبێرگ لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کە لەلایەن میدیای ئەو وڵاتەوە بڵاوکراونەتەوە، پارتی سۆسیال دیموکرات، کە پارتێکی چەپڕۆی میانڕۆیە، 31٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و یەکەم بوو. 
 
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە 30٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و دووەمی هەڵبژاردنەکە بوو. ئەم پارتە بە پارتێکی دژەکۆچبەر ناسراوە. 
 
ئامارە سەرەتاییەکان ئەوەش پشان دەدەن، کە پارتی کریستیان دیموکرات، کە پارتێکی راسترۆی میانڕۆیە 12٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، هاوپەیمانی ساغا ڤاگنێشت، کە هاوپەیمانییەکی چەپڕۆی پۆپیولیستە 12٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، کە رکابەری لەسەر پلەی سێیەم دەکەن. 
 
ئەو ئەنجامانە پێچەوانەی راپرسییەکان بوون. بە گوێرەی دوایین راپرسی پێش هەفتەیەک، دەبوو پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 29%ـی دەنگەکان، پارتی سۆشیال دیموکرات 26% و پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکراتیش 16%ـی دەنگەکان ببنەوە.
 
چەند میدیایەکی ئەڵمانیا ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکە 73٪ بووە، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی پێشوو 61.3٪ بوو. 
 
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا پێشتریش و لە رۆژی 1ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ توانی زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توینگن بەدەستبهێنێت. لەو هەڵبژاردنەدا پارتەکە 30.5%ـی دەنگەکان، پارتی کریستیان دیموکرات 24.5%ـی دەنگەکان، هاوپەیمانی سارا ڤاگنکنیشت 16%ـی دەنگەکان و ئەوانەی دیکەش 29%ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
 
ئەمە جاری یەکەم بوو لە دوای ساڵی 1945 و جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمێکی ئەڵمانیادا پارتێکی راستڕۆی تووندئاژۆ زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. 
 
هەمان رۆژ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا توانی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی ساکسنیش بێت. لەو هەڵبژاردنەدا پارتی کریستیان دیموکرات 31.5%، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 30%، هاوپەیمانیەتی سارا ڤاگنکنیشت 12%ی دەنگەکان و ئەوانی دیکەش 26.5%ی دەنگەکان دەبەنەوە.
 
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو سێ هەرێمەی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە بڕیارە ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت. دوایین راپرسییەکانی ئەو وڵاتەش پێشانی دەدەن کە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو زیاد دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە