جیهان
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کاتی داننان بە دەوڵەتی فەلەستین لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن لە گوتاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بە دەوڵەتی فەلەستین دا نا و رایگەیاند، "کاتی ئاشتی هاتووە."
ئیمانوێل ماکرۆن لە کاتی داننان بە دەوڵەتی فەلەستین گوتی: "کاتی هاتووە، بەهۆی پابەندیی راستەقینەی مێژوویی وڵاتەکەم بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە ئاشتیی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان. لەبەر ئەمە، رایدەگەیێنم، ئەمڕۆ فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا دەنێت."
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ماف پێدان بە فەلەستینییەکان ستاندنەوەی ماف نییە لە ئیسرائیلییەکان.
ماکرۆن لەبارەی وڵاتانی بەریتانیا، کەنەدا ئوسترالیا، لۆکسەمبۆرگ، ئەندۆرا، ماڵتا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین رایگەیاند، "ئەوان بەدەم داواکەی ئێمەوە هاتن."
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، ئیسپانیا، ئێرلەندا، نەرویج و سوێد بە هەمان گوزەر دا دەڕۆن و دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا دەنێن.
سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارەکەیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل کرد و گوتی، دەیەوێت بە چارەسەری دوو دەوڵەت، ئاشتی لە ناوچەکە ببینێت.
ئیمانوێل ماکرۆن لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، "هیچ شتێک بەهانە نییە بۆ بەردەوامبوونی جەنگ."
فەلەستین لە ساڵی 2012 دا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بازێکی گەورەی هاویشت؛ کاتێک کۆمەڵەی گشتی بە زۆرینەیەکی دەنگ، پێگەی فەلەستینی لە "قەوارەی چاودێر"ـەوە بەرزکردەوە بۆ "دەوڵەتی چاودێری نائەندام". ئەم پێگەیە، کە تەنیا ڤاتیکان هاوشانیەتی، رێگەی بۆ فەلەستین خۆشکرد ببێتە ئەندامی رێکخراو و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی دیکە.
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان 193 ئەندامی هەیە، ئێستا زیاتر لە 145 وڵات دانیان بە دەوڵەتی فەلەستین دا ناوە.
پێنج لە ئەندامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشەیین. لەنێویاندا، فەرەنسا، بەریتانیا و چین دانیان بە فەلەستین دا ناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ