ئەڵمانیا لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی کوردانی ئێزدی: دادگە دیپۆرتکردنەوەی سەڵت و خاوەن توانای کاری پەسند کردووە

22-10-2025
کەهی مەحموود
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی رۆژنامەڤانیی گرووپی وەزیرانی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، "چەوساندنەوەی سیستماتیکی" کوردانی ئێزدی لە عێراق نەماوە، بەڵام هێشتا "گرووپە چەکدارەکانی وەک پەکەکە و میلیشیا شیعەکان" لە شنگال هەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دیپۆرتکردنەوەی کوردانی ئێزدی لە دۆسییە "تاکەکەسییەکان"دا بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی وڵاتی بنچینەیی بڕیاری لەسەر دەدرێت.
 
سێڤیل جانان، جێگری گوتەبێژی گرووپی وەزیرانی ناوخۆی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیاری کەهی مەحموود، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، پلانێک نییە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی نێوخۆی هەرێمەکانی ئەڵمانیادا بڕیار بدرێ کە دیپۆرتکردنەوەی کوردانی ئێزدی بۆ عێراق رابگیرێت.
 
جانان باسی لەوە کرد، دادگەیەکی باڵای کارگێڕیی وڵات دیپۆرتکردنەوەی گەنجە "سەڵت و خاوەن توانای کار"ـی پەسند کردووە.
 
باس لەوە دەکرێ ژمارەیەک دامەزراوەی هەرێمەکانی ئەڵمانیا بڕیار لەبارەی دۆسییەی گەڕاندنەوەی کوردانی ئێزدی دەدەن. جانان لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت، بڕیاری لەو جۆرە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەدرێ کە تێیدا دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتە بنچینەییەکان هەڵدەسەنگێنێت.
 
سێڤیل جانان ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ناساندووە و گوتی: "پێویستە هەموو جۆرە مەترسییەکانی چەوساندنەوە یان مەترسییە جیدییەکانی سەر ژیان و ئازادی لە وڵاتە بنچینەییەکەدا لە چوارچێوەی پرۆسەی پەناخوازیدا لەبەرچاو بگیرێن."
 
بە گوتەی جێگری گوتەبێژی گرووپی وەزیرانی ناوخۆی ئەڵمانیا، ئاوەدانکردنەوەی شنگال هێشتا لە دۆخێکی "باش"دا نییە.
 
پرسیار و وەڵامەکان
 
رووداو: ئێوە چۆن دۆخی سەلامەتی ئێستای ئێزدییەکان لە عێراقدا هەڵدەسەنگێنن؟
 
سێڤیل جانان: بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی دۆخەکە لە وڵاتە بنچینەییەکان و هەڵسەنگاندنی دۆخی سەلامەتی ئەو وڵاتانە لە چوارچێوەی کاری وەزارەتی دەرەوەدایە کە راپۆرت بە شێوەیەکی رێکوپێک ئامادە دەکات. ئەو راپۆرتانە سەرچاوەی گرنگی زانیارین، چونکە هەرێمەکان– لەوانەش هەرێمی بریمەن -  خۆیان زانیاری لەبارەی وڵاتە بنچینەییەکان وەرناگرن. لەسەر بنەمای زانیارییە بەردەستەکان، بریمەن پێشبینی دەکات کە دۆخی سەلامەتی بۆ پێکهاتەکان بە گشتی باشتر بووە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، هەروەها بەپێی زانیارییەکان لە ناوچەکەوە، چەوساندنەوەیەکی سیستماتیکی لەلایەن ئەکتەرە حکومی و ناحکومییەکانەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزە چەکدارەکان (وەک میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران یان پەکەکە) هێشتا لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی پەیوەندیداردا چالاکن و هەندێک جار پێکدادان یان هێرشی هێزە چەکدارەکانی تورکیاش بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە هەیە. بەشێکی زۆری ژێرخانی شنگال هێشتا وێرانە. کەمپی ئاوارەکان کە زۆرێک لە ئێزدییەکان تێیاندا دەژین، بە تایبەتی لە دهۆک لە کوردستانی عێراق، لەلایەن رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە هەندێک جار بە خراپ ناودەبرێ.
 
رووداو: هۆکاری پێویست بۆ راگرتنی دەرکردنی ئێزدییەکان هەیە؟
 
سێڤیل جانان: گەڕاندنەوە بۆ عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵکوژییەکە کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا و لەلایەن حکومەتی فیدراڵیشەوە پەسندکرا، پرسیارێکی قورسە کە دەبێ لە دۆسییە تاکەکەسییەکاندا وەڵام بدرێتەوە. پێویستە هەموو مەترسییەکانی چەوساندنەوە یان مەترسییە جیدییەکانی سەر ژیان و ئازادی لە وڵاتە بنچینەییەکەدا لە چوارچێوەی پرۆسەی پەناخوازیدا لەبەرچاوبگیرێن. هەڵسەنگاندنی زیان لە پرۆسەکاندا لە دەستی دامەزراوەی فیدراڵی کۆچ و پەنابەراندایە. دادگەکانی باڵای کارگێڕی، گەڕانەوەی گەنجان و خاوەن توانای کار بۆ عێراق بە ئەرێنی دەبینن. بۆ خەڵکی دیکەش لە هەر دۆسییەیەکدا رەنگە هەڵسەنگاندنێکی جیاواز پێویست بێت.
 
رووداو: پلانتان هەیە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی نێوخۆ لە کانوونی یەکەمی 2025دا بڕیارێک لەبارەی راگرتنی دەرکردنی ئێزدییەکان بدەن؟
 
سێڤیل جانان: کارنامەی کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆ بڵاوناکرێتەوە. بڕیارە پەسەندکراوەکان دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆ رادەگەیەنرێن.
 
رووداو: دەکرێت بڕیاری راگرتنی دەرکردنی ئێزدییەکان زوو بدرێت؟
 
سێڤیل جانان: دەکرێت بڕیاری راگرتنی دەرکردن لەلایەن دەسەڵاتی باڵای هەرێمییەوە بۆ ئەوپەڕی شەش مانگ بدرێت. راگرتنی دیپۆرتکردنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ پێویستی بە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە