رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر راپۆرتەکانی قەدەخەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان هاتە دەنگ. فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی پرسیاری نێردراوی رووداودا جەختی لەسەر مافی خەڵک کردەوە لە خوێندن بە زمانی دایکی.
نامۆ عەبدوڵڵا، نێردراوی رووداو لە نیویۆرک بە فەرمان حەقی گوت، "راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو شارە زۆرینە کوردنشینەدا، دەسەڵاتدارە نوێیەکان پرۆگرامی خوێندنی زمانی کوردییان لە کتێبەکان لابردووە و زمانی عەرەبییان وەک تەنیا زمانی خوێندن سەپاندووە".
لە وەڵامدا، فەرحان حەق، رایگەیاند کە ناتوانن ئەو راپۆرتانە پشتڕاست بکەنەوە، بەڵام ئاگاداری راپۆرتە میدیاییەکانن. هەروەها گوتەبێژەکە گوتی: "ئەوەی دەتوانم پێت بڵێم ئەوەیە کە سکرتێری گشتی بە توندی باوەڕی بەوەیە کە خەڵک مافی خۆیانە بەو زمانانە قسە بکەن کە دەیانەوێت قسەی پێ بکەن و فێربن و هەموو زمانە جیاوازەکانی ئەو ناوچانە فێربن. بۆیە ئێمە دەمانەوێت دڵنیا بینەوە کە مافە بنەڕەتییەکانی زمانی خەڵک پارێزراو دەبن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ