رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، پێشوازیی لە ئازادکردنی بارمتەکانی ژێردەستی حەماس دەکات و هەروەها سوپاسی قەتەر، میسر و ئیسرائیل دەکات کە سەرکردایەتی رێککەوتنەکەیان کردووە.
ئەم گوتانەی جۆ بایدن دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل و حەماس، بە نێوەندگیریی قەتەر، ئەمریکا و میسر رێککەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی چوار رۆژ لە غەززە لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 بارمتە.
رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا کۆشکی سپی خۆشحاڵی خۆی بۆ رێککەوتنەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەربڕی.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پێشوازیی لە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان دەکەم کە لەلایەن تیرۆریستانی حەماسەوە لە 7ی ئۆکتۆبەر رفێندران."
بایدن رایگەیاند، "دڵخۆشم کە دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئەو بارمتانە بە خێزان و خۆشەویستانی خۆیان شاددەبنەوە. ئەوان چەندین هەفتەی بەرگەنەگیراویان بەسەربرد."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، جۆ بایدن سوپاسی میری قەتەر، سەرۆکی میسر و حکومەتی ئیسرائیلی کرد، "سوپاسی شێخ تەمیم بن حەمەد و سەرۆک سیسی دەکەم کە سەرکردایەتیی ئەو رێککەوتنەیان کرد. هەروەها سوپاسی سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو و حکومەتی ئیسرائیل دەکەم کە پابەندیی خۆیان بەو رێککەوتنە پێشاندا."
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بەردەوام لەگەڵ سەرکردەکان لە پەیوەندیی دەبێت بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.
بایدن ئاماژەی بە بارمتە ئەمریکییەکان کرد و گوتی، "وەک سەرۆک، دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی هاووڵاتییانی ئەمریکی کاری لە پێشینەی منە. بۆیە لەسەرەتای هێرشەکەی حەماس تا ئەمڕۆ، لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتیمانی کاری بەردەواممان لەگەڵ هاوبەشانی ناوچەکە کردووە بۆ ئەوەی هەرچییەک پێویست بێت بیکەین تا ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان بهێنینە کایەوە. من ناوەستم تا هەموو ئەمریکییەکان ئازاد دەبن."
دوای 46 رۆژ لە جەنگی بەردەوام، دواجار ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن. حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر 50 بارمتە رازی بووە بە ئاگربەستەکە و نەتەنیاهووش دەڵێت، "قورس بوو، بەڵام بڕیارێکی دروستمان دا." ئەمریکاش هیوادارە ئەو هەنگاوە رێخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ.
حەماس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئەوەدا ئیسرائیل دەبێت 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
قەتەر کە رۆڵی سەرەکی هەبووە لەو ئاگربەستە، سوپاسی ئەمریکا و میسر دەکات کە "هاوکار" بوون و دەڵێت، ئەو ئاگربەستە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوکاریی زیاتری مرۆیی بگاتە غەززە. دەشڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی کەسانی سڤیل.
رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی لەبارەی ئاگربەستە کاتییەکەی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە [ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن] هیوادارین ئەو رێککەوتنە چوار رۆژییە رێگەخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ لە غەززە و سنووری لوبنان."
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی 'ئاگربەستە مرۆیی'یەکە دەڵێت، چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و ئەگەری درێژکردنەوەیشی هەیە. باس لەوەش دەکات کە لە 24 کاژێری داهاتوودا وردەکاریی رێککەوتنەکە ئاشکرا دەکرێت و جێبەجێ دەکرێت.
جەنگی گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل کاتێک فراوان بوو کە گرووپە چەکدارەکان لە 7ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لەژێر ناوی "تۆفانی ئەقسا" هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران.
ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە هێرشی بەرفراوانی کردە سەر غەززە. سوپای ئیسرائیل غەززەی کردووتە دوو بەش و دەڵێت، بەشی زۆری باکووری شارەکەی کۆنترۆڵکردووە.
تەندروستیی غەززە دەڵێت، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە، تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ