نەتەوەیەکگرتووەکان داوای چارەسەرێکی بەپەلەی قەیرانی سووریا دەکات

22-12-2022
چەند منداڵێک لە سووریا
چەند منداڵێک لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و مرۆیی سووریا بوو. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات ئەگەر رێکاری پێویست نەگیرێتەبەر، ئاییندەیەکی رەش چاوەڕێی سووریا دەکات.
 
گیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا دەڵێت، "دروستبوونی هەر گرژییەک، رەنگە جارێکی دیکە ئاگر بەربداتەوە ئەو ناکۆکییەی کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دروست دەکات و دۆخێکیش دێنێتە ئاراوە کە تیرۆریستان توانای زیندووبوونەوەیان تێدا هەبێت".
 
نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا، شەش خاڵی پێشنیاز کرد بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا و داواشی کرد بۆ جێبەجێکردنیان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی بکەن کە پێشنیازەکانیش بریتی بوون لە: خۆ دوورگرتن لە هەڵکشانی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی ئارامیی بۆ سووریا. نوێکردنەوەی "چوارچێوەی" کارکردنی ئەنجوومەنەکە ئەوەی هاوکاریی مرۆیی بە هەموو خەڵکی سووریا بگات. بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی دەستووریی سووریا. سەبارەت بەو کەسانەی گیراون و ونکراون یانیش بێسەروشوێن بوون، داوایکرد سۆراخێکیان بکرێت و ئازاد بکرێن. داوای لە هاوئاهەنگیی بەرپرسانی سووریا و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ ئەوەی دایالۆگ لەپێناو "بونیاتنانی متمانە" بکەن. ئاماژەشی بە گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان کۆمەڵگەی سڤیل و بەشداربوونێکی گشتگیر کرد.
 
نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، هیچ کات وەکو ئێستا دۆخی سووریا خراپ نەبووە.
 
مارتن گریفس، هاوئاهەنگیکاری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، "ئێمە هیچ کات ئەو ژمارە و رێژە زۆرەی کوشتن و زیانمان لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانەکە نەبینیوە".
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی مرۆیی سووریاوە، ئاشکرایان کردووە کە ئێستا 14 ملیۆن و 600 هەزار کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی لە سووریا هەیە و چاوەڕێش دەکرێت بۆ ساڵی داهاتوو ئەو ژمارەیە بۆ 15 ملیۆن و 300 هەزار کەس بەرز ببێتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە