وێڕای هەڵوەشاندنەوەی گفتوگۆ، ترەمپ دەڵێت شەڕ دەستپێناکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەردانی شاندی وڵاتەکەی بۆ پاکستان هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیار بوو گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام گوتیشی ئەوە بە واتای دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران نایەت.
 
کەمێک پێش ئەوەی ترەمپ هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی دوو نێردەکەی، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر رابگەیێنێت، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆتایی بە سەردانە دیپلۆماسییەکەی بۆ ئیسلاماباد هێنا. 
 
پێش ئەوە، هەر لە رۆژی شەممە، عێراقچی لەگەڵ عاسیم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کە کەسایەتییەکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا، هەروەها شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، ویتکۆف و کوشنەر بەرەو پایتەختی پاکستان بەڕێکەوتوون بۆ "گفتوگۆی رووبەڕوو" لەگەڵ ئێرانییەکان، کە "هیوادارن هەنگاوێک بەرەو رێککەوتن بچنە پێشەوە".
 
بەڵام رۆژی شەممە ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، گەشتەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، بە تیمەکەی گوتووە: "هەموو کارتەکان لە دەستی ئێمەدان. کەی بیانەوێت دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن، بەڵام چیدیکە ئێوە گەشتی 18 کاژێری ناکەن بۆ ئەوەی دابنیشن بێ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر هیچ شتێک بکەن."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی کە ئایا ئەمە بە واتای دەستپێکردنەوەی شەڕ دێت، ترەمپ گوتی: "نەخێر. بەو واتایە نایەت. هێشتا بیرمان لەوە نەکردووەتەوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە رۆژی شەممە، عێراقچی ئیسلامابادی جێهێشتووە و گەیشتووەتە مەسقەت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عومان. 
 
چاوەڕوانیش دەکرێت سەردانی رووسیا بکات بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوبات دژی ئێران دەستیان پێکرد.
 
عێراقچی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا سەردانەکەی بۆ پاکستان بە "زۆر بەرهەمدار" وەسفکرد و گوتیشی، هەڵوێستی ئێرانی سەبارەت بە "چوارچێوەیەکی کرداری بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە شەڕ" خستووەتەڕوو.
 
گوتیشی: "هێشتا ماوە بزانین ئایا ئەمریکا لە دیپلۆماسیدا بەڕاستی جیدییە یان نا."
 
تەنانەت پێش راگەیاندنەکەی ترەمپیش، ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆی نوێ نادیار بوو، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێرانیش رایگەیاندبوو کە عێراقچی هیچ بەنیاز لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆبێتەوە، ئیسلام ئابادیش تەنیا وەک پردێک بۆ "گەیاندن"ـی پێشنیازەکانی ئێران رۆڵ دەبینێت.
 
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، رۆژی شەممە لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران قسەی کردووە و دڵنیایی پێداوە کە ئیسلام ئاباد "پابەندە بەوەی وەک نێوەندگیرێکی راستگۆ و دڵسۆز بمێنێتەوە و بێوچان کاربکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتییەکی بەردەوام".
 
کردنەوەی هورمز 'گرنگە'
 
پەلەکردن لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە جەنگ، زیاتر بووە، چونکە تەنگەی هورمز، کە رێڕەوێکی گرنگی دابینکردنی نەوت و گازی جیهانە، بە داخراوی ماوەتەوە.
 
بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند کە هیچ نیازێکیان نییە بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆ کاریگەرەکەیان بۆ سەر ئەو رێڕەوە ئاوییە، کە بازاڕەکانی وزەی خستووەتە دۆخێکی ناجێگیرەوە.
 
سوپای پاسداران لە تەلەگرامەوە رایگەیاند: "کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز و هێشتنەوەی سێبەری کاریگەرییە بەرپەرچدەرەوەکانی بەسەر ئەمریکا و لایەنگرانی کۆشکی سپی لە ناوچەکەدا، ستراتیژییەکی یەکلاکەرەوەی ئێرانی ئیسلامییە."
 
ئەمریکاش وەکو کاردانەوە، لەلای خۆیەوە گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
 
لە راگەیێندراوێکی توونددا کە لەلایەن میدیای فەرمییەوە بڵاوکراوەتەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئێران رایگەیاند، ئەگەر "سوپای داگیرکەری ئەمریکا بەردەوام بێت لە گەمارۆدان، رێگری و چەتەگەریی دەریایی لە ناوچەکەدا، با دڵنیا بن کە رووبەڕووی وەڵامدانەوە دەبنەوە".
 
لە دوای یەکەم و تاکە گەڕی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران کە هەر بە میوانداریی پاکستان بەڕێوەچوو، هەوڵەکان بۆ هێنانەوەی هەردوو لایەن بۆ سەر مێزی گفتوگۆ گەیشتوونەتە بنبەست، بەهۆی ئەوەی تاوەکو گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، ئێران رەتدەکاتەوە بەشداری بکات.
 
لە هەمان کاتدا، ئێران رێگەی داوە تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕبن.
 
ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا رایگەیاند، دەبێت ئەو رێڕەوە ئاوییە "دەستبەجێ و بەبێ هیچ کۆتوبەندێک و بەبێ وەرگرتنی باج بکرێتەوە".
 
کۆستا گوتیشی: "ئەمە بۆ تەواوی جیهان زۆر گرنگە."
 
نەتەنیاهوو فەرمانی هێرشکردن دەدات 
 
لە بەرەیەکی دیکەی جەنگەکەدا لە لوبنان، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە سوپا دا "بە تووندی هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانی حیزبوڵڵا"، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکان، حیزبوڵڵایان بە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستە تۆمەتبار کرد کە رۆژی پێنجشەممە درێژکرایەوە.
 
پێش بڵاوکردنەوەی ئەو راگەیێندراوە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، رۆژی شەممە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەزاکانی نەبەتییە و بنت جوبەیل لە باشووری ئەو وڵاتە، شەش کەس کوژراون.
 
رۆژی پێنجشەممە ترەمپ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی بۆ ماوەی سێ هەفتە راگەیاند و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێردەکانی ئیسرائیل و لوبنان، بە گەشبینییەوە باسی لە ئاسۆی ئاشتی کرد.
 
بەڵام محەممەد رەعد، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبوڵڵا لە پەرلەمان، داوای لە حکومەتی لوبنان کرد، لە گفتوگۆ راستەوخۆکانی لەگەڵ ئیسرائیل بکشێتەوە و هۆشداریدا لەوەی رێککەوتنێکی ئاشتیی بەردەوام، لەو جۆرەی ترەمپ هەوڵی بۆ دەدات، "بە هیچ شێوەیەک کۆدەنگیی نیشتمانیی لوبنانی لەسەر نابێت".
 
نەتەنیاهوو ئەو گرووپەی تۆمەتبار کردووە بەوەی "هەوڵی تێکدانی" پرۆسەی ئاشتی دەدەن.
 
لە شاری سەیدای کەناراوی، ئەحمەد شومەر و خێزانەکەی خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە باشوور، دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی ترسیان لە هێرشەکانی ئیسرائیل وازیان لەو هەوڵە هێنابوو.
 
ئەو پیاوە تەمەن 74 ساڵە، لەکاتێکدا جانتا و پێخەفەکانی لێ کۆببووەوە، گوتی: "ئێستا دەگەڕێینەوە ماڵەوە، نازانین ئایا شەڕ دەبێت یان ئاشتی، با بزانین چی دەبێت."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژیریی دەستکرد ساڵانە هەزاران کەس بێ کار دەکات. وێنە: Reuters

ئایا دەترسی ژیریی دەستکرد کارەکەت لێ بستێنێت؟

ژمارەیەک هەیە کە دەبێت بتوەستێنێت و تووشی شۆکت بکات. لە 6ی نیسانی 2026، ئێڵسی پێنگ، ئابووریناسی بانکی (گۆڵدمان ساکس)، تێبینییەکی بڵاوکردەوە کە لەسەر بنەمای داتا راستەقینەکانی لیستی مووچەی ئەمریکا داڕێژرابوو. ئاشکرایکرد ژیریی دەستکرد مانگانە تێکڕا 16,000 هەلی کار لە ئەمریکا لەنێو دەبات. ئەوە دەکاتە لەنێوبردنی 192,000 هەلی کار لە ساڵێکدا. 18 رۆژ دواتر، مێتا و مایکرۆسۆفت رایانگەیاند کە ئەمە تەنیا سەرەتای ئاراستەیەکی بەردەوامە.