پەیامی ترەمپ لەدوای رووداوی تەقەکردن لە کۆشکی سپی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێی لەبارەی هەوڵی تەقەکردن لە هۆتێل (هیڵتن)ی واشنتن ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێرشبەرەکە چەندین جۆری چەکی پێبووە و ئەفسەرێکی دەزگای نهێنی لە مەودایەکی نزیکەوە پێکراوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامداوە "بکوژێکی بەکرێگیراو" بووە و ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر دەستووری ئەمریکا. ترەمپ ئاشکرای کرد، گومانلێکراوەکە خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
 
ترەمپ وەسفی چرکەساتی رووداوەکەی کرد و گوتی: "ئەم بۆنەیە بۆ ئازادیی رادەربڕین تەرخانکرابوو، کە بڕیاربوو ئەندامانی هەردوو پارتەکە و میدیاکان کۆبکاتەوە. بینیم کە هەمووان پێکەوە یەکگرتوو بوون، ئەوە شتێکی زۆر جوان بوو؛ پیاوێک لە بازنەیەکی پشکنینی ئەمنیدا بە چەندین چەکەوە هێرشی کرد و لەلایەن ئەندامانی ئازای دەزگای نهێنییەوە تێکشکێندرا".
 
سەبارەت بە برینداربوونی ئەفسەرێکی دەزگای نهێنی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەفسەرەکە لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە و بە چەکێکی زۆر بەهێز تەقەی لێکراوە، بەڵام چاکەتە گوللەنەبڕەکەی ژیانی رزگار کردووە. ترەمپ گوتی: "تەنیا کەمێک پێش ئێستا قسەم لەگەڵ ئەو ئەفسەرە کرد، ئەو زۆر باشە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە".
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بۆ مەبەستی "شەفافییەت و روونی"، فەرمانی کردووە ڤیدیۆی ساتی هێرشەکە و چۆنیەتی دەستگیرکردنی هێرشبەرەکە لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" و پلاتفۆرمەکانی دیکە بڵاوبکرێتەوە، تاوەکو هەمووان بزانن چۆن ئەو کەسە هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکە و چۆن هێزە ئەمنییەکان بە خێرایی مامەڵەیان کردووە.
 
هەروەها گوتیشی، "لە ماوەى سەرۆکایەتییەکەم کاری زۆر و گەورەم کردوون و "تەنیا تەقە لە کەسانێک دەکرێ کارى گەورەیان کردبێ". سەرۆکى ئەمریکا لەبارەى رووداوەکە و پەیوەندى بە ئێران گوتى، "لە خولى یەکەمم رێککەوتننامەکەى ئۆباما و ئێرانم هەڵوەشاندەوە" و جەختیکردەوە، "ئێران ناکرێ ببێتە خاوەن چەکى ئەتۆمی".
 
سەرۆکى ئەمریکا رەتیکردەوە رووداوەکە پەیوەندى بە ئێرانەوە هەبێت و گوتی، "پێموانییە پەیوەندى بە ئێرانەوە هەبێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."
 
ترەمپ لەسەر ستەیجی سەرەکی دانیشتبوو کاتێک دەنگی بەهێزی هاوشێوەی تەقە بیسترا. گرتە ڤیدیۆییەکانی نیشانی دەدەن کە ئەفسەرانی دەزگای نهێنی بە چەکی کێشراوەوە دەوری سەرۆکیان دا و بە خێرایی لە پشت پەردەکانەوە بردیانە دەرەوە. 
 
میوانەکان، کە پەیامنێران، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ و ئەندامانی کابینەکەی بوون، لەژێر مێزەکاندا خۆیان حەشاردا و هاواری "خۆتان دابگرن" دەبیسترا.
 
مەهمەت ئۆز، بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە کاتی گواستنەوەیدا گوتی: "تەقە لە نهۆمی سەرەوە کرا." هەروەها رۆبێرت کەنەدی جونیۆر، وەزیری تەندروستی بە خێرایی لە هۆڵەکە برایە دەرەوە.
 
دەزگای نهێنی لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە، "سەرۆک و خانمی یەکەم سەلامەتن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە لە نزیک بازنەی پشکنینی ئەمنیی سەرەکیی دەرەوەی هۆڵی ئاهەنگەکە روویداوە و یەک کەس دەستگیرکراوە. 
 
ترەمپ لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "دەزگای نهێنی و هێزە ئەمنییەکان کارێکی نایابیان ئەنجامدا. ئەوان بە خێرایی و ئازایانە مامەڵەیان کرد. تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "خانمی یەکەم، جێگری سەرۆک و هەموو ئەندامانی کابینەکەم لە دۆخێکی زۆر باشدان." 
 
کلاودیا شەینباوم، سەرۆکی مەکسیک یەکەم سەرۆک بوو کاردانەوەی فەرمیی هەبوو و رایگەیاند: "توندوتیژی هەرگیز نابێتە رێگە. جێگەی دڵخۆشییە کە سەرۆک ترەمپ و هاوژینەکەی سەلامەتن."
 
هۆتێل "واشنتن هیڵتن" هەمان ئەو شوێنەیە کە 45 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 1981دا، رۆناڵد ریگن، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لەبەردەم دەروازەکەیدا رزگاری بوو. ئاهەنگی ئەمشەو یەکەمجار بوو ترەمپ وەک سەرۆک بەشداری تێدا بکات دوای بایکۆتکردنی بۆ ماوەی چەندین ساڵ.
 
سەرەڕای ئەم مەترسییە ئەمنییە، ترەمپ رایگەیاندووە، دەیەوێت لە ماوەی مانگێکدا دووبارە ئاهەنگەکە رێکبخاتەوە. 
 
پۆلیسی واشنتن و دەزگای نهێنی لێکۆڵینەوەیەکی قووڵیان دەستپێکردووە تاوەکو بزانرێت ئایا تەقەکەرەکە بە تەنیا بووە یان پەیوەندیی بە گروپێکی دیاریکراوەوە هەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەهباز شەریف و عەباس عێراقچی

شەهباز شەریف و عەباس عێراقچی کۆبوونەوە

سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئیسلامئاباد کۆبووەوە و رایدەگەیێنێت، گفتوگۆیەکی گەرم و دۆستانەیان لەبارەی دۆخی ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.