ترەمپ: ناتۆ هاوکاریی نەکردین؛ دەبێت رێگری لە ئێران بکەین چەکی ئەتۆمی هەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێیوایە چین هاوکاریی ئێران دەکات، بەڵام دەکرێت "زۆر زیاتر" هاوکارییان بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو زۆر لە چین بێئومێد نییە، چونکە وەک خۆی دەڵێت، ئەمریکاش هاوکاریی خەڵکی دیکە دەکات، بۆ نموونە ئۆکراینا.

رۆژی یەکشەممە 26-04-2026 ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی گوت، ئەوان تاوەکو ئاستێکی زۆر توانیویانە بەرەی تووندڕۆ [لەنێو حکومەتی ئێران] لەنێو ببەن و ئەگەر پێویست بکات بەردەوام بن، ئەوا بە خێرایی ئەوەی ماوەتەوە لەنێوی دەبەن. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردایەتیی ئێران "زۆر سەیرە و هیچ هاوئاهەنگییەکیان نییە". 
 
ترەمپ  رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانیی ناتۆ گرت و گوتی: "ئێمە زۆر لە ناتۆ ناڕازین، ناتۆ لەگەڵمان نەبوو. ئێمە بۆ ماوەی چەندین ساڵ خزمەتمان کردن و تریلیۆنەها دۆلارمان خەرج کرد، بەڵام کاتێک داوای هاوکارییەکی کەممان کرد، ئەوان لەوێ نەبوون."
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا لەبارەی داڕووخانی کەرتی نەوتی ئێران و رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانەوە ئێران ناتوانێت نەوتەکەی لە کۆگەکان یان لە کەشتییەکاندا هەڵبگرێت، ئەمەش وایکردووە هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە نێوخۆ و لەژێر زەویدا "بتەقنەوە". 
ترەمپ گوتی، ئێرانییەکان دەڵێن: سێ رۆژیان لەبەردەم ماوە، پێش ئەوەی ژێرخانی نەوتییان بتەقێتەوە. "هەرگیز ناتوانرێت وەک خۆی چاک بکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر چاکیش بکرێتەوە، تەنیا 50٪ـی توانای جارانی دەبێت."
 
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هەوڵەکانی تیرۆرکردنی رایگەیاند، دەزانێت کارەکەی مەترسیدارە، بەڵام دڵخۆشە بەو کارەی دەیکات. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەگەر سەرۆکێکی کاریگەر بیت، زیاتر لە مەترسیدایت وەک ئەوەی کاریگەر نەبیت. زۆربەی سەرۆکەکان کاریگەر نین و ئەو کارە ناکەن کە دەبێت بیکەن." 
ترەمپ جەختی لەسەر هێڵی سووری وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "دەبێت رێگری لە ئێران بکەین چەکی ئەتۆمی هەبێت، چونکە هەموو جیهان و ئێمەش دەکەوینە مەترسییەوە، ئیسرائیل لە چەند خولەکێکدا لەنێودەچێت ئەگەر ئەوان چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
 
سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئاشتی لە پاکستان، ترەمپ هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتی شاندەکەی بۆ ئیسلامئاباد ئاشکرا کرد و گوتی، گەشتەکە 17 بۆ 18 کاژێر دەخایێنێت و بڕیاربوو رۆژی سێشەممە کۆببنەوە. "ئێمە چیدیکە ئەمە ناکەین، هەموو کارتەکان بەدەست ئێمەیە. ئەگەر دەیانەوێت قسە بکەن، دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن، تەلەفۆن هەیە."
 
سەرۆکی ئەمریکا رێزی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران و سوپاسالاری پاکستان دەربڕی، بەڵام دووپاتی کردەوە، "دەبێت لە رێککەوتنەکەدا ئەوە هەبێت کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەگەرنا هیچ هۆکارێک بۆ کۆبوونەوە نییە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکە: هێرش بوو بۆ سەر دەستووری ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێی لەبارەی رووداوى تەقەکردنەکەی هۆتێل (هیڵتن)ی واشنتن ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێرشبەرەکە چەندین جۆری چەکی پێبووە و ئەفسەرێکی دەزگای نهێنی لە مەودایەکی نزیکەوە پێکراوە