وەزارەتی داد: تەقەکەرەکە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپی کردووەتە ئامانج

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تۆد بلانچ، داواکاری گشتیی بە وەکالەت رایگەیاند، لێکۆڵەران بەڵگە و زانیارییان لەبارەی ئەو تەقەکەرە کۆکردووەتەوە کە بووە هۆی ئەوەی تیمی پاسەوانیی نهێنی بەپەلە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر شانۆی نانی ئێوارەی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی کۆشکی سپی ببەنە دەرەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە 26-04-2026 بەرپرسانی وەزارەتی دادی ئەمریکا رایانگەیاند، تۆمەتبارەکە ناوی کۆڵ تۆماس ئاڵنە، تەمەنی 31 ساڵە و خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە. دوای ئەوەی شەوی شەممە بە خاڵێکی پشکنینی ئەمنیدا رایکرد و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ناو هۆتێلی واشنتن هیلتن تەقەیان لە یەکدی کرد، دەستگیرکرا. 
 
بەرپرسان گوتیان، ئاڵن نەگەیشتووەتە هۆڵەکە کە ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی و سەدان رۆژنامەڤان تێیدا کۆببوونەوە. تۆمەتبارەکە چەقۆ، تاپڕێک و دەمانچەیەکی پێبووە، کە بە گوتەی بلانچ، ئەو دوو چەکەی "لە چەند ساڵی رابردوودا" کڕیوە.
 
بلانچ رۆژی یەکشەممە بە کەناڵی ئێن بی سی گوت: "چەکدارەکە بە مەبەستی بەئامانجگرتنی ئەو کەسانەی لە ئیدارەکەدا کاردەکەن، کە رەنگە سەرۆکیش بگرێتەوە، هێرشەکەی کردووە."
 
هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی ئەو هێرشە لەگەڵ پێداچوونەوە بە بەڵگەکاندا بگۆڕێت. لێکۆڵەران توانیویانە لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تۆمەتبارەکەوە زانیاری کۆبکەنەوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ چەند کەسێکیش کردووە کە دەیناسن. درەنگی شەوی شەممە، هێزە فیدراڵییەکان لە دەوروبەری لۆس ئەنجلس گەمارۆی ماڵێکی دوو نهۆمییان دا کە بەپێی تۆمارەکان، ئاڵن تێیدا دەژیا، ئەمەش لەکاتێکدا هێلیکۆپتەرەکانی پۆلیس بەسەر ئاسماندا دەسووڕانەوە.
 
سەبارەت بە جووڵەی تۆمەتبارەکە، لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتووە، بە شەمەندەفەر لە لۆس ئەنجلسەوە چووەتە شیکاگۆ و دواتریش بۆ واشنتن. رۆژێک یان دوو رۆژ پێش ئەوەی هۆتێلی واشنتن هیلتن میوانداریی نانی ئێوارەی رۆژنامەڤانان بکات، لە هۆتێلەکە ژووری گرتووە. بەڵگە بەراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو بە تەنیا بووە. دوای رووداوەکە، تەقەکەرەکە بۆ پشکنین رەوانەی نەخۆشخانە کرا، هەرچەندە بەرپرسان گوتیان کە گولـلەی بەرنەکەوتووە. بلانچ لەوبارەیەوە گوتی: "پێموانییە هاوکاریی لێکۆڵەران بکات."
 
جێنین پیرۆ، داواکاری گشتیی ئەمریکا بۆ ناوچەی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، تۆمەتبارەکە رووبەڕووی تۆمەتی فیدراڵیی هەڵگرتنی چەک و پەلاماردان دەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە لە دادگەی فیدراڵی دادگایی بکرێت، ئەگەری زیادکردنی تۆمەتی دیکەش هەیە.
 
رۆژی شەممە هیچ ئامێرێکی پشکنینی کانزا لە دەروازەکانی هۆتێلەکە دانەنرابوو، تەنیا لە نزیک هۆڵەکە بازنەیەکی ئەمنی دروستکرابوو. بلانچ بەرگری لە رێکارە ئەمنییەکانی رووداوەکە کرد و گوتی: "سیستمەکە کاری خۆی کرد. ئێمە سەلامەت بووین، سەرۆک ترەمپ سەلامەت بوو،" چونکە تۆمەتبارەکە تەنیا چەند پێیەک بازنە ئەمنییەکەی بڕیبوو و نەیتوانیبوو بچێتە ناو هۆڵەکە. لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنی گوگلیێلمی، گوتەبێژی تیمی پاسەوانیی تایبەت رایگەیاند، ئەو ئەفسەرەی تیمی پاسەوانی کە تەقەی لێکرابوو، لە نەخۆشخانە دەرچووە، چونکە گولـلەبەندەکەی گیانی پاراستبوو.
 
دۆناڵد ترەمپ ڤیدیۆیەکی کورتی کامێرای چاودێریی بڵاوکردەوە، تێیدا پیاوێک دەردەکەوێت بە خاڵێکی پشکنینی ئەمنیدا رادەکات و دواتر پاسەوانەکان چەکەکانیان رادەکێشن و دەست بە تەقەکردن دەکەن. دواتر ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئەم رووداوە هەرگیز رووینەدەدا ئەگەر لەو هۆڵەدا بووایە کە ئێستا لە کۆشکی سپی لە قۆناغی دروستکردندایە."
 
هێرشەکە جارێکی دیکە پرسیارەکانی لەبارەی تووندوتیژیی سیاسی لە ئەمریکا و ئاسایشی دەوروبەری ترەمپ ورووژاندەوە، کە پێشتر لە ساڵی 2024 بە گولـلەیەک لە کاتی هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا لە پێنسیلڤانیا بریندار بوو، هەروەها چەند مانگێک دواتر لە یانەی گۆڵفەکەی لە فلۆریدا کەسێک هەوڵی کوشتنی دا. رووداوەکەی ئەمجارەش لە هەمان ئەو هۆتێلەدایە کە لە ساڵی 1981 جۆن هینکلی جونیەر هەوڵی تیرۆرکردنی رۆناڵد رەیگن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکای تێدا دا.
 
لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند، شا چارڵزی سێیەم کە بڕیارە رۆژی دووشەممە سەردانی ئەمریکا بکات، بە تەواوی لە پێشهاتەکان ئاگادارکراوەتەوە و دڵخۆشە بە سەلامەتیی سەرۆک، خانمی یەکەم و میوانەکان. کۆشکەکە ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی ئایا رووداوەکەی شەممە تاوەکو چەند کاریگەری لەسەر پلانی بەڕێوەچوونی سەردانەکەی شا دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکە: هێرش بوو بۆ سەر دەستووری ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێی لەبارەی رووداوى تەقەکردنەکەی هۆتێل (هیڵتن)ی واشنتن ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێرشبەرەکە چەندین جۆری چەکی پێبووە و ئەفسەرێکی دەزگای نهێنی لە مەودایەکی نزیکەوە پێکراوە