جیهان

مەکسیک پەناگەی کاتی بۆ لەخۆگرتنی ئەو پەناخوازانە دەکاتەوە کە ئەمریکا دیپۆرتیان دەکاتەوە. وێنە: REUTERS
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد ملیۆنان پەناخوازی نایاسایی دیپۆرت دەکاتەوە، سوپای مەکسیک لەسەر سنووری هەردوو وڵات ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پەناگە دەکات بۆیان.
رۆژی پێنجشەممە 23-01-2025، حکومەتی مەکسیک رایگەیاند، پلانی داناوە 9 پەناگە بۆ هاووڵاتییەکانی خۆی و سێ پەناگەی دیکەش بۆ پەناخوازە دیپۆرتکراوەکانی وڵاتانی دیکە دەکاتەوە. حکومەتی مەکسیک لە پەیامێک دا بۆ ئەوانەی مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە رایگەیاند: "مەکسیک لە باوەشتان دەگرێت."
هێزی دەریایی مەکسیک خۆیان گەیاندە شاری ماتامۆرۆس کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، بۆ ئەوەی خێوەتی گەورە وەک پەناگە هەڵبدەن. شاری ماتامۆرۆس هاوسنووری شاری براونسڤیلە لە ویلایەتی تێکساس.
بەگوتەی چەند سەرچاوەیەکی شارەوانی وڵاتەکە، پەناگەکە توانای لەخۆگرتنی سێ هەزار کەسی هەیە.
ئەم هەفتەیە، کلاودیا شێینبۆم، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، مەکسیک هاوکاریی مرۆیی پێشکێش بەو پەناخوازانە دەکات کە بڕیارە دیپۆرت بکرێنەوە، ئینجا پەناخوازەکان دەنێرێتەوە وڵاتانی خۆیان.
لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە 20-01-2025، باری لەناکاوی لەسەر سنووری باشووری وڵاتەکەی راگەیاند و بەڵێنی دا "ملیۆنان ملیۆن" پەناخواز لە ئەمریکا دەربکات.
ئیدارەی ترەمپ هەروەها روونیکردەوە، ئەوان بە نیازن سیاسەتی "لە مەکسیک بمێننەوە" جێبەجێ بکەن کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە 2016 بۆ 2020 جێبەجێی کرد. بەگوێرەی پلانەکە، ئەو کەسانەی داواکاری چوونە نێو ئەمریکا پێشکێش دەکەن، مەرجە لە مەکسیک بمێننەوە، تاوەکو ئەمریکا پێداچوونەوە بە داواکارییەکانیان دەکات.
کۆشکی سپی هەروەها پرۆگرامێکی پەنابەری راگرت کە تایبەت بوو بەو کەسانەی لە حکومەتی دەسەڵاتخوازیی وڵاتەکانی خۆیان لە نێوەڕاست و باشووری کیشوەری ئەمریکا رادەکەن، ئەمەش وایکرد هەزاران کۆچبەر لەسەر سنووری نێوان مەکسیک و ئەمریکا بهێڵێتەوە.
رۆژی 22-01-2025 نووسینگەی ترەمپ رایگەیاند، فەرمان کراوە هەزار و 500 سەربازی دیکەی ئەمریکی بچنە سەر سنوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ