رووداو دیجیتاڵ
مارین لۆ پێن، سیاسەتڤانی راستڕۆی فەرەنسی رەخنەی تووند لە حکومەتی وڵاتەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێ لەسەر ئەوەی کە پاڵپشتی لە کورد ناکەن.
سەرکردەی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانیی فەرەنسا دەڵێت، ئەو شەڕڤانە کوردانەی "ئازایانە " دژی داعش شەڕیان کرد، ئێستا لەلایەن حکومەتەکانی رۆژئاواوە تەنیا "جێهێڵدراون" و پشتگوێ خراون.
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس، لۆ پێن رەخنەی لە ماکرۆن گرت بەوەی لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازی لە چەند بەرپرسێکی باڵای سووریا کردووە کە پێشتر "جیهادی" بوون. لۆ پێن سەرۆکی فەرەنسای تۆمەتبار کردووە بەوەی "رەوایەتی بە ئیسلامیزم داوە"؛ هەنگاوێک کە بە بڕوای ئەو، بووەتە هۆی بەردەوامیی چەوساندنەوەی پێکهاتەکان لە سووریا.
لۆ پێن نووسیویەتی، "کوردەکان وا دەمرن، ئەو کوردانەی ئازایانە سەرکردایەتیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیان کرد، بەشێوەیەکی ترسنۆکانە جێهێڵدراون و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رووی خۆی وەردەگێڕێ."
لوپێن دەپرسێ: "چی لەبارەی ئیمانوێل ماکرۆنەوە بگوترێ کە جارێکی دیکە بەشێوەیەکی تراجیدی شکستی هێنا؟ ئەو کەسەی بەپەلە فەرشی سووری بۆ سەرۆکی خۆسەپێنی سووریا راخست؛ جیهادییەک کە پێشینەی لەنێو داعش و قاعیدەدا هەبوو."
خانمە سیاسەتڤانەکە بڕیارە دیپلۆماسییەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بە هۆکار زانی بۆ زیانگەیاندن بە کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا و ئو دەڵێت: "سەرۆککۆمار بە بەخشینی رەوایەتی و رێز بە ئیسلامیزم، ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی قورس لە چەوساندنەوەی کەمینەکانی سووریا لە ئەستۆ دەگرێ."
ئەم لێدوانانەی لۆ پێن دوای هێرشەکانی چەند هەفتەی رابردووی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاتن.
هەسەدە هاوبەشی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوو لە شەڕی دژی داعش.
رۆژی سێشەممە ئاگربەستێک راگەیێندرا بۆ ئەوەی هێرش بۆ سەر حەسەکە و کۆبانێ بوەستێنرێ و چوار رۆژ بۆ هەسەدە دیاری کرا تاوەکو پلانێک بۆ تێکەڵکردنی شەڕڤانەکان بە سوپای سووریا پێشكێش بکات. مۆڵەتەکە لە سبەی شەممە کۆتایی دێت.
ئەمە ترسی لای کورد دروستکردووە سەبارەت بە لەدەستدانی خۆبەڕێوەبەری ناوچە کوردستانییەکان.
رەخنەکانی لۆ پێن رەنگدانەوەی نیگەرانییەکی فراوانترە لەنێو دۆستانی کورد و بەشێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی، کە پێیان وایە کارەلەپێشینە ستراتیجییەکانی رۆژئاوا گۆڕاون دوای لاوازبوونی داعش، بەمەش شەڕڤانانی کورد بە لاوازی و گۆشەگیریی سیاسییەوە بەجێهێڵدراون.
لە بەرامبەردا، حکومەتەکەی ماکرۆن لە رابردوودا بەرگری لە پاڵپشتیکردنی هێزە کوردییەکان کردووە وەک بەشێک لە ستراتجییەکی فراوانتر بۆ سووریا و رایگەیاندووە کە فەرەنسا هاوپەیمانەکانی بەجێناهێڵێت و داوای بەشداریکردنی کوردی کردووە لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە داهاتووی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ