جیهان
نامۆ عەبدوڵلا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک و فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو رایگەیاند، سەرجەم ئەو رێگایانەی دەچنە کۆبانێ، داخراون و هاوبەشەکانیان نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی مرۆیی شارەکە دەربڕیوە. ئاماژە بەوەش دەکات، لە پەیوەندیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا بۆ گەیاندنی هاوکاری.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی پرسیاری نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، سەبارەت بە دۆخی کۆبانێ گوتی، "نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA) پێی راگەیاندووین، هاوبەشەکانمان لەوێ نیگەرانن لە مەترسیی خراپتربوونی دۆخی مرۆیی ناوچەکە."
بە گوتەی فەرحان حەق، ئێستا سەرجەم ئەو رێگایانەی دەچنە کۆبانێ، داخراون و "پچڕانی کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت بووەتە رێگر لەبەردەم دەستگەیشتنی خەڵک بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان."
سەبارەت بە دۆخی خۆراک و دەرمان لە شارەکەدا، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، راپۆرتیان بەدەستگەیشتووە لەسەر کەمبوونی خۆراک و کەرەستە سەرەکییەکان، هەرچەندە بنکە تەندروستییەکان کار دەکەن، بەڵام "کەمیی دەرمان هەیە".
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو پرسیاری لەبارەی هۆکاری گەمارۆدانی کۆبانێ کرد و لە فەرحان حەقی پرسی، "ئایا پەیوەندیتان بە بەرپرسانی حکومەتی سووریاوە کردووە بپرسن بۆچی ئەم گەمارۆیەیان خستووەتە سەر کۆبانێ کە شارێکی زۆرینە کوردنشینە؟ ئایا ئەمە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی یەکدەگرێتەوە؟"
لە وەڵامدا فەرحان حەق گوتی، "ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتداران لە پەیوەندیداین. دەمانەوێت هەڵسەنگاندنی زیاتر بکەین و دڵنیابینەوە لەوەی رێگە بە گەیشتن بە کۆبانێ دەدرێت و دەستمان بگاتە هەموو ئەوانەی پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە."
لەبارەی راپۆرتە میدیاییەکان کە باس لەوە دەکەن زیاتر لە هەفتەیەکە خەڵکی کۆبانێ ئاوی پاک و کارەبایان نییە، بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، ئەوان پێویستیان بە "رێگەپێدانی تەواو"ە بۆئەوەی تیمەکانیان بتوانن هەڵسەنگاندنی ورد بۆ دۆخەکە بکەن.
سەبارەت بە ناوچەکانی دیکە، فەرحان حەق رایگەیاند، دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییە، تیمەکانیان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پارێزگاکانی حەلەب، رەققە، حەسەکە و دێرەزوور بەردەوامن لە دابینکردنی پێداویستی پزیشکی، خزمەتگوزاریی خۆراکیی گەڕۆک و چاودێری بۆ برینداران و ژنانی دووگیان.
دەقی پرسیار و وەڵامی نامۆ عەبدوڵلا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک و فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
فەرحان حەق: دوێنێ پرسیارم لێکرا دەربارەی دۆخی شاری کۆبانێ لە پارێزگای حەلەبی سووریا. نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA) پێی راگەیاندووین که هاوبەشەکانمان لەوێ نیگەرانن لە مەترسیی خراپتربوونی دۆخی مرۆیی ناوچەکە. ئێستا سەرجەم ئەو رێگەیانەی دەچنە کۆبانێ داخراون. پچڕانی کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت رێگرە لەبەردەم دەستگەیشتنی خەڵک بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. هاوبەشەکانمان دەستیانکردووە بە راپۆرتدان لەسەر کەمبوونی خۆراک و کەرەستە سەرەکییەکانی دیکە. بنکە تەندروستییەکان کار دەکەن، بەڵام راپۆرت هەیە لەسەر کەمبوونی دەرمان. تیمەکەمان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دەسەڵاتداران لە حەلەب سەبارەت بەوەی چۆن بتوانین پشتیوانییان بکەین. لە هەمان کاتدا، ئێمە و هاوبەشەکانمان بەردەوامین لە پێشکێشکردنی هاوکاریی مرۆیی دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکانی حەلەب، رەققە، حەسەکە و دێرەزوور. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی پێداویستیی پزیشکی، خزمەتگوزاریی خۆراکیی گەڕۆک و چاودێری بۆ برینداران، منداڵان و ژنانی دووگیان دابین دەکەن. هەروەها لەگەڵ هاوبەشەکانمان و دەسەڵاتداران لە پەیوەندیداین بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتر و ئاسانکاری بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان.
رووداو: گوتت هەموو رێگەکانی کۆبانێ داخراون. ئایا پەیوەندیتان بە بەرپرسانی حکومەتی سووریاوە کردووە بپرسن بۆچی ئەم گەمارۆیەیان خستووەتە سەر کۆبانێ کە شارێکی زۆرینە کوردنشینە؟ هۆکارەکە چییە؟
فەرحان حەق: ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتداران لە پەیوەندیداین. دەمانەوێت هەڵسەنگاندنی زیاتر بکەین و دڵنیابینەوە لەوەی رێگە بە گەیشتن بە کۆبانێ دەدرێت. بۆیە لەسەر ئەو کارە بەردەوام دەبین.
رووداو: ئایا ئەوەی بەرامبەر کۆبانێ دەیکەن، لەگەڵ پابەندبوونەکانیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی یەکدەگرێتەوە؟
فەرحان حەق: ئەوەی دەمانەوێت لێی دڵنیابینەوە ئەوەیە دەستمان بگات بە هەموو ئەوانەی پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە، لەنێویاندا لە کۆبانێ و بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەر ئەوە.
رووداو: تەنیا پرسیارێکی دیکە، تیمەکانتان چی دەڵێن لەبارەی دۆخی خەڵکی سڤیل لە کۆبانێ؟ چونکە ئەو راپۆرتە میدیاییانەی دەیانبینم باسی ئەوە دەکەن خەڵک زیاتر لە هەفتەیەکە ئاوی پاکی خواردنەوە و کارەبایان نییە.
فەرحان حەق: بەشێک لەوەی پێویستمانە بریتییە لە رێگەپێدانی تەواو بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن، ئەوەش ئەو شتەیە کە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ