رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی یۆنان دەڵێت، سیستمی پێدانی ڤیزەی زێڕین گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەپێی ناوچەکانی وڵاتەکە، ئەو ناوچانەی قەرەباڵخی تێدا زۆرترە، لە بەرامبەر پێدانی ڤیزەکە 800 هەزار یۆرۆ وەرەگیرێت، ئەو ناوچانەشی قەرەباڵخ نین وەکو پێشووتر 250 هەزار یۆرۆ کە خرابێتە خانووبەرەوە لە بەرامبەر ڤیزەی زێڕین وەردەگیرێت.
یۆنان یەکێکە لەو وڵاتانەی یەکێتیی ئەوروپا کە سیستمێکی سەرنجڕاکێشی هەیە بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە (ئیقامە) لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە.
ئەو جۆرە وەڵاتینامەیە پێی دەگوترێت ڤیزەی زێڕین، تاوەکو ئێستا مەرجەکەی ئەوە بوو کە کەسی وەبەرهێنەر دەیتوانی بەهێنانی 250 هەزار یۆرۆ بۆ ئەو وڵاتە و کڕینی خانووبەرەیەک مافی وەڵاتینامە بۆ خۆی و ماڵباتەکەی وەربگرێت.
سەرۆکوەزیرانی یۆنان گۆڕانکاریی لە پێدانی ئەو ڤیزەیە کرد و رایگەیاند، نرخی پێدانی ڤیزەکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت.
"لەو شار و گوندانەی یۆنان کە قەرەباڵخی زۆر هەیە و نزیکە لە فڕۆکەخانە و شوێنە گشتییەکان، دەکرێت نرخی وەڵاتینامەکە بگاتە 800 هەزار یۆرۆ." ئەمە بەپێی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە.
لەو ناوچانەی دیکە کە قەرەباڵخی زۆر نییە، "وەک جاران بە 250 هەزار یۆرۆ کە خرابێتە خانووبەرەوە" دەکرێت ڤیزەی زێڕین وەربگیرێ.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کۆچبەری و پەنابەرانی یۆنان؛ لە سەرەتای 2023وە 1446 داواکاری بۆ وەرگرتنی "ڤیزای زێڕین" پێشکێشی ئەو وەزارەتە کراون.
ساڵی رابردوو یۆنان "ڤیزای زێڕین"ـی دەدایە ئەو خێزان و کەسانەی لە یۆنان موڵکێکیان دەکڕی، یان وەبەرهێنانیان دەکرد لە پڕۆژەیەکی ئابووریی گەورەدا.
بڕی ئەو پارەیەی بۆ وەرگرتنی ڤیزایەکی لەو جۆرەش پێویست بوو، لە نێوان 250 هەزار تاوەکو 500 هەزار یۆرۆ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ