رووداو دیجیتاڵ
لەدوای جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سنوورەکانیان بۆ ئاوارە ئۆکراینییەکان کردەوە، بەڵام ئەو یەکێتییە پێی وایە هەندێک لەوانە هاووڵاتیی ئۆکراینی نین. بۆیە دەیەوێت لە سنووری یەکێتییەکە دەریان بکات. "لەنێو ئەو هاووڵاتییانەش کوردی تێدایە" کە بەر لە دەستپێکی شەڕەکە لە ئۆکراینا بوون.
بەپێی داتا فەرمییەکانی یەکێتیی ئەوروپا 4 ملیۆن و 300 هەزار ئۆکراینی لە سەرتاسەری ئەوروپا هەن، ملیۆنێک و 250 هەزاریان لە ئەڵمانیان، نزیکەی یەک ملیۆنیشیان چوونەتە پۆڵەندا.
هەر بەپێی داتاکانی یەکێتیی ئەوروپا، 98٪ـی ئەو کۆچبەرانەی مافی پاراستنی کاتی یان وەڵاتینامەی کاتییان وەرگرتووە ئۆکراینییەکانن.
یەکێتیی ئەوروپا لەدوای بەدواداچوونیان لەبارەی کەیسەکەوە بۆیان دەرکەوتووە کە هەندێک هەن ئۆکراینی نین لەنێویاندا "کوردیشیان تێدایە"، بەڵام یەکێتییەکە دەیەوێت ئەوانەی رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان نییە دەریان بکات.
هۆڵەندا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە ئەوانە دەردەکات کە وڵاتینامەی ئۆکراینییان نییە. نەرویجیش رێوشوێنی تووندیان بەرامبەر دەگرێتەبەر، یەکێک لەو رێوشوێنانە بڕینی ئەو پارەیەیە کە وەک یارمەتی دەدرێتە هەر کۆچبەرێک کە لەو وڵاتە بێت.
لەبارەی دۆخی ژیانی کوردی دیاسپۆرانشینی ئۆکراینا هەم لە نێوەوەی ئۆکراینا و هەمیش لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، هەریەک لە د. عەبدولسەتار شاهین، پزیشکە و لە ئۆکرایناوە هاتووەتە ئەڵمانیا، لە ئۆکرایناشەوە ئەمین کۆت کە کارسازێکی کوردە لە ئۆکراینا و ئێستا لەوێ دەژیت، میوانی دیاسپۆرابوون.
د. عەبدولسەتار شاهین رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری کوردی نیشتەجێێ ئۆکراینا کۆچبەری وڵاتانی ئەوروپا بوون و گوتی"دۆخی کوردی دیاسپۆرانشینی ئۆکراینا کە ئێستا لە ئەوروپا نیشتەجێن باش نییە، چونکە زۆربەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی لە ئۆکرایناوە هاتوونە ئەوروپا کاریان دەستناکەوێت".
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی ئەوروپا 55٪ـی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئۆکرایناوە چوونەتە ئەوروپا کار دەکەن و 45٪ بە هۆکاری جیاجیاوە کارناکەن.
د. عەبدولسەتار شاهین کە پێشووتر لە شاری خارکێڤ لە ئۆکراینا نیشتەجێبوو و لەوێ کاری پزیشکی دەکرد گوتی" کۆچبەرانی کوردی ئۆکراینا پێویستە بە زوویی خۆیان فێری زمانی ئەڵمانیا بکەن، من ئێستا بەشدارم لە خولی فێربوونی زمانی ئەڵمانی و دەمەوێت بە باشی زمانی ئەڵمانی فێربم، بۆ ئەوەی لێرە بگەڕێمەوە سەر پیشەی خۆم کە پزیشکییە."
سەبارەت بە ژمارەی تەواوی ئەو کوردانەی لە ئۆکرایناوە هاتوونەتە ئەڵمانیا، ئەو پزیشکە کوردە دەڵێت، " ژماری کۆچبەرانی کوردی دانیشتووی ئۆکراینا کە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژین دیار نییە."
د. عەبدولسەتار شاهین ئاماژەی بەوەکرد، کوردی دانیشتووی ئۆکراینا هاوکاریی زۆری هاووڵاتییانیان کردووە، چونکە پێشتر خەڵکی ئۆکراینا بەردەوام یارمەتیی کوردییان کردووە.
ئەو پزیشکە گوتیشی، "کوردی دانیشتووی ئۆکراینا و هاووڵاتیانی ئۆکراینا مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە و پشتیوانی یەکدین و هەمیشە هاوکاری یەکدەکەن."
ئەمین کۆت، کەسێکی کارسازە و لە شاری خارکێڤی ئۆکراینای سەرسنووری رووسیا نیشتەجێییە، دەڵێت، "لە شارەکە وێرانبووە، هەرچەندە ئێستا لە سەنتەری شار کەمێک ئارامی هەیە، بەڵام لە دەرەوەی شارەکە شەڕ بەردەوامە و وێرانی زۆر هەیە و خەڵکی شارەکە هێشتا هیوایان هەیە و گوڵ دەچێنن و پاکی دەکەنەوە و کاریش دەکەن، بەڵام بەگشتی زۆربەی زۆری دانیشتووانی شارەکەیان جێهێشتووە."
ئەمین کۆت کە چەندین ساڵ لەمەوبەر لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریاوە چوونە ئۆکراینا، بەڵام لەوێش پشوویان نەداو شەڕ ئەو وڵاتەشی گرتەوە. لەبارەی ژمارەی ئەو کوردانەی کە بەهۆی ئەو شەڕەوە وڵاتەکەیان جێهێشتووە و گوتی، "80%ی کوردی دانیشتووی ئۆکراینا دوای شەڕەکە کۆچیان کردووە و روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بەڵام من و خانەوادەکەم بەهۆی پەیوەستبوونمان بە ئۆکراینا و ئیتر بڕیارماندا هەرچییەک رووبدات ئۆکراینا جێنەهێڵین و ماینەوە."
بەشێکی زۆری ئەو کوردانەی لە ئۆکراینا پێشتر نیشتەجێ ببون و هەڵگر و خاوەنی وڵاتینامەی ئۆکراینابوون، ئەمین کۆت لەوبارەیەوە دەڵێت، " ئەو کوردانەی وەڵاتینامەی ئۆکراینایان هەیە توانیویانە بگەنە وڵاتانی ئەوروپی و لەوێ باشتر بژین".
ئەو کارسازە کوردە پێیوایە ئەوانەی ئێستا لە ئۆکراینا ماونەتەوە و هێشتا هیوایان هەیە ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێتەوە و دەڵێت، "دۆخی ئۆکراینا بە هاوکاریی ئەمریکا و ئەوروپا جێگیربووەتەوە و هیوامان هەیە کە شەڕەکە تەواوبێت و دۆخی ژیان لێرە باشتر بێتەوە پەنابەرەکانیش بگەڕێنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ