نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و خەڵک و حکومەتی چینیش بەردەوامن لە کڕینی

23-02-2025
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
بازاڕی زێڕ لە چین جمەی دێت لە کڕیار
بازاڕی زێڕ لە چین جمەی دێت لە کڕیار
A+ A-
رووداو - پەکین 

لەگەڵ هەڵکشانی پێوانەیی نرخی زێڕ، بازاڕەکەی لە چین گەرم و پڕ کڕیارە؛ زێڕکڕان پێیانوایە سەرەڕای گرانبوونی مێژوویی نرخی زێڕ، بەڵام هێشتا لە کڕینی قازانجیانە.
 
شێنگ شین هوی، کڕیاری زێڕە لە بازاڕێکی پەکینی پایتەختی چین، بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ هاتم کۆمپاس و سێتێکی 'باباو' بکڕم. هاوژینەکەم زۆری بۆ کڕیوم، بەڵام ئێستا پێموایە بە زووتر کڕینی، دەتوانی پارە پاشەکەوت بکەیت. ساڵانە نرخەکان بەرزدەبنەوە، ئێستاش هێشتا گونجاوە و پێموایە زوو کڕینی دەبێتە هۆی پاشکەوتکردنی پارە."
 
کڕیارێکی دیکە بەناوی سون یان جینگ باسی ئەوە دەکات "لە بۆنەکاندا زێڕ دەکڕین، بەزۆری لە سەری ساڵی چینیدا. من هەندێک قاڵبی زێڕ بۆ وەبەرهێنان دەکڕم. هەموو ساڵێک قاڵبێکی زێڕ بۆ کچەکەم دەکڕم ئەمەش وەک مارەیی بۆ کاتی هاوژینی. لەبەرئەوەی زێڕ هەمیشە بە بەهایە، ساڵانە کەمێک هەر دەکڕم. هەرچەندە نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا دیدێکی ئەرێنیم بۆی هەیە. پێموایە بەرزدەبێتەوە بۆ زیاتر لە 1000 یوان (137.91 دۆلاری ئەمریکی بە نرخی ئەمڕۆ) بۆ هەر گرامێک."
 
بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، لە سەردەمی حوکمڕانیی هان لە ساڵی 206ـی پێش زایینەوە، لە چین زێڕ وەک پارە و تەنانەت بۆ پەرستگەکان بەکارهاتووە. هەر ئەمەش وایکردووە بەکارهێنانی زێڕ لە چین رەگی لە مێژوودا بێت.
 
کاو تانگ، راوێژکاری زێڕینگری بە رووداوی گوت "لە کاتی فێستیڤاڵی بەهاردا ژمارەی ئەو کڕیارانەی رۆژانە دێنە دووکانەکەمان زۆرن. هەموویان دێنە فرۆشگەی سەرەکی بۆ کڕینی خشڵ و زێڕ، وەک گوارە و ملوانکە و کۆمەڵە ئیکسسوارەکانی دیکە. هەروەها بەشی پێویستی کاڵاکانمان هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هەمووان رازین و خزمەتگوزارییەکەمان جێگەی رەزامەندیی خەڵکە."
 
هەرچەندە چین ساڵانە بە زیاتر لە 350 تۆن گەورەترین بەرهەمهێنەری زێڕە لە جیهان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین بەکارهێنەری زێڕیشە لە جیهاندا، بەشێوەیەک تەنیا لە ساڵی رابردوودا 600 تۆن زێڕ لەنێوخۆی ئەم وڵاتەدا بەکارهێنراوە، کە زیاتر لە 160 تۆنی بۆ خشڵ و جوانکاری بووە.
 
یەدەکی زێڕی چین 2286  تۆنە و لە ریزبەندیی شەشەمی جیهان دا دێت، حکومەتی چین رۆژ لە دوای رۆژ بەردەوامە لە کڕینی زێڕی زیاتر، بەئامانجی پاڵپشتیکردنی بەهای یوان لە ئاییندەدا، هەروەها ئامادەبوون بۆ هەر گۆڕانکاریێکی ستراتیژیی ئابووری. لەبەرامبەریشدا زێڕنگڕانی چین جمەیان دێ و خەڵکی چینیش بەردەوامن لە کڕینی زێڕ، بەو هیوایەی لە داهاتوودا گرانتربێت و بیفرۆشن.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە