رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، 23ی شوباتی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، هاوپەیمانی پارتە کریستیانەکان یەکەم و پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دووەمی هەڵبژاردنەکەن.
بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا، هاوپەیمانێتیی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی کۆمەڵایەتی کریستیانەکان 29٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئەمە 4.9٪ی زیاترە لە هەڵبژاردنی پێشوو کە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆی دژەکۆچبەرە، 19.5٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و دەنگەکانیان 9.1٪ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو زیادیکردووە. ئەمە زۆرترین رێژەی زیادبوونی دەنگە لەنێو پارتەکاندا.
هەروەها، پارتی سۆسیال دیموکرات کە پارتەکەی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیایە، 16٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئەمە 9.7٪ی لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمترە. ئەم پارتە زۆرترین رێژەی دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو لەدەستداوە. هاوپەیمانی پارتە سەوزەکان 13.5٪ و پارتی چەپیش 8.5٪ی دەنگەکانیان هێناوە.
پارتەکانی دیکەی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا هیچ کامیان تاوەکو ئێستا 5٪ی دەنگەکانیان بەدەستنەهێناوە کە پێویستە بۆ چوونە نێو پەرلەمانی وڵاتەکە.
پێکهێنانی حکومەتی ئەڵمانیا پێویستی بە نیوە کۆ یەکی کورسییەکانی پەرلەمانە، بەمەش پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە هاوپەیمانیی دوو پارت یان زیاتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ