رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی ئەمریکی بەناوی رێدبێرد رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بە 670 ملیۆن دۆلار دەکڕێتەوە؛ هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی.
مێژووی گرووپی میدیایی تەلەگراف بۆ 170 ساڵ دەگەڕێتەوە؛ رۆژنامەکە بەوە ناسراوە کە شێواز و تۆنی نووسینی بۆ پشتیوانیی پارت و رەوتی پارێزگارانی بەریتانیا بەکاردەهێنێت.
ئەم گرێبەستە، کە ئەمڕۆ هەینی بە هاوبەشی راگەیەندرا، گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە خاوەندارێتی یەکێک لە رۆژنامە کاریگەرەکانی بەریتانیادا و هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکانی حکومەت سەبارەت بە وەبەرهێنانی بیانی لە میدیای ئەو وڵاتەدا.
کۆمپانیای رێدبێرد هاوبەشی IMIـە، کە کۆمپانیایەکی ئیماراتیە و لە ئەبوزەبییە؛ پێکەوە پڕۆژەیەکی هاوبەشیان هەیە و لەلایەن جێف زوکەر، سەرۆکی پێشووی کەناڵی سی ئێن ئێن سەرپەرشتی دەکرێت. زوکەر ئاماژەی بە پابەندبوون کردووە بە "پاراستنی سەربەخۆیی لە سیاسەتی نووسین و دەستپاکیی رۆژنامەڤانی" لە دوای ئەوەی بەفەرمی دەبنە خاوەنی تەلەگراف.
کڕینەکە هەردوو بەشی چاپ و دیجیتاڵی تەلەگراف دەگرێتەوە. ئەمە دوای چەندین مانگ دێت لە گومان و پێشبینییەکان دەربارەی داهاتووی رۆژنامەکە، دوای ئەوەی خاوەنەکانی پێشووی، خێزانی بارکلی، نەیانتوانی قەرزەکانیان بدەنەوە، ئەمەش وایکرد گرووپی بانکیی لۆیدز دەست بەسەر رۆژنامەکەدا بگرێت و پڕۆسەی فرۆشتن دەستپێبکات.
پێدەچێت ئەم هەنگاوە رووبەڕووی وردبینیی حکومەتی بەریتانیا ببێتەوە. لوسی فرەیزەر، وەزیری رۆشنبیریی ئەو وڵاتە پێشتر ئاگادارییەکی دەرکردبوو لەبارەی "دەستێوەردانی بەرژەوەندی گشتی" و هۆشداری دابوو لە "مامەڵەکردن بەو شتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە".
گوتەبێژێکی رێدبێرد دەڵێت، "ئێمە هۆشیارین بەرامبەر ئەو بەرپرسیارێتییەی کە لەگەڵ خاوەندارێتی دامەزراوەیەکی میدیایی متمانەپێکراودا دێت. مامەڵەکەمان متمانەمان بە بەهای بەردەوامی رۆژنامەگەریی کوالێتی بەرز نیشان دەدات".
رۆژنامەی تەلەگراف، کە لە ساڵی 1855 دامەزراوە، ماوەیەکی درێژە وەک رۆژنامەی سەرەکی پارتی پارێزگاران سەیر دەکرێت. رەخنەگران نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتی نووسیندا لەژێر خاوەندارێتی نوێدا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی IMI لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ